ئەکسیۆس: ترەمپ داواکارییەکەی ناتانیاهۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران رەتکردووەتەوە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد، بنیامین ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی تونددا داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممە هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام ترەمپ رایگرتووە و دەیەوێت دەرفەت بە دانوستان بدات. هاوکات عەباس عێراقچی، رایگەیاند پێشنیازەکەیان لە نەخشەڕێگەیەکی 7 رۆژەوە بووەتە 10 رۆژە و هێزەکانیشیان لە دوو جەنگی رابردوو زۆر بەهێزترن.

یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە، رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توند و راستەوخۆی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە سەبارەت بە چارەنووسی دانوستانەکان لەگەڵ تاران.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ناتانیاهۆ بە توندی گوشاری خستووەتە سەر ترەمپ تاوەکو دەستبەجێ دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە رۆژی سێشەممە، گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت؛ بەڵام ترەمپ پێی باشترە ئێستا دەرفەت بە دانوستانەکان بدات، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند دانوستانەکان بەرەو پێش دەچن و پەلەی لە هیچ ناکات، هەرچەندە ئێرانییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کاتی رێککەوتندا پاشەکشە دەکەن؛ سەرۆکی ئەمریکا هاوکات هۆشداریشی دا کە پێویستە چارەسەری یەک دوو پێگەی ئەتۆمیی ئێران بکرێت و گوتی: دەتوانین لە 10 خولەکدا کێشەی پێگەی ناو 'کێوی فاس' (جبل الفأس) یەکلایی بکەینەوە، پلانمان بۆی هەیە و زۆر بە خێرایی ئەنجامی دەدەین."

لە تاران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد کە دەستپێشخەرییەکەی ئێران بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هەموار کراوەتەوە و رایگەیاند: ئێمە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە خەریکی گفتوگۆین؛ ئەو پلانە حەوت رۆژەیەی پێشتر هەمانبوو، ئێستا بووەتە پلانێکی دە رۆژە. نێوەندگیرە قەتەرییەکان لە تاران بوون و دوای رۆیشتنیان، جێگرەکەی منیش چوو بۆ دەوحە تا لە نزیکەوە پەیامەکان بگۆڕینەوە و ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە راوێژ و دانوستانەکان بەرەو پێش دەچن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی کۆتایی و گوتی: "گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی پەیوەستە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە زۆرانەی کە ئاراستەی لایەنی بەرامبەرمان کردووە و تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە."

عێراقچی هیوای خواست کۆشکی سپی بە عەقڵانییەتەوە مامەڵە بکات و رێگەی دیپلۆماسی بەسەر شەڕدا هەڵبژێرێت، بەڵام هاوکات هۆشداریی لە ئامادەباشیی سوپای وڵاتەکەی دا و رایگەیاند: "پەیامەکەی رێبەری باڵا بە تەواوی ئیرادەی ئێمەی نیشاندا؛ ئەرکی هێزە چەکدارەکانمان روونە. ئێستا سوپای ئێران، بەهۆی ئەو دەرس و ئەزموونانەی لە دوو جەنگی رابردوودا وەریگرتوون، زۆر لە جاران بەهێزترە. ئێمە ئامادەی تەواومان بۆ دیپلۆماسی هەیە، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە خۆشمان لەوپەڕی ئامادەباشیداین."

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوو وڵات لە نێوان کاتژمێری دیپلۆماسی و کاتژمێری سەربازیدا کێبڕکێ دەکەن، و بڕیاری کۆتایی ترەمپ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی جەنگ یان بەردەوامیدان بە دانوستان، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی سندووقی هەڵبژاردنی رۆژی سێشەممە دەردەکەوێت.