کڵێسای ئەرمەنییەکان لە زاخۆ نۆژەن کرایەوە
K24 – زاخۆ:
بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاریا و مەتراخانەی ئەرمەنییەکان لە عێراق، کڵێسای ئەرمەنییەکان لە زاخۆ نۆژەن کرایەوە، هاوکات ئەمڕۆش بە فەرمی کرایەوە، تەمەنی کڵێساکە 101 ساڵە.
رۆژی هەینی (17ـی ئایاری 2024) بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەرپرسانی حزبی، حکوومی و پێکهاتەی ئەرمەنییەکان، کڵیسای ئەرمەنییەکان کرایەوە
ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ، رایگەیاند، کڵێسای ئەرمەنییەکان بە هاوکاری و پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاریا و مەتراخانەی ئەرمەنییەکان لە عێراق نۆژەن کرایەوە، هاوکات نۆژەنکردنەوەکەشی سێ ساڵی خەیاند.
لای خۆیەوە یەروانت ئەمینیان، پەرلەمانتاری پێشووی پێکهاتەی ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: پێش 100 ساڵ کاتێک ئەرمەنەکان جینۆساید کران، زاخۆ دەرگای خۆی بۆ هاووڵاتییانی ئەرمەن کردەوە، لە ساڵی 1923 ئەو کڵێسایە لە زاخۆ دروستکراوە، سوپاس بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاریا و مەترانخانەی ئەرمەنییەکان لە عێراق بە هاوکاری ئەوان کڵێساکە نۆژەن کرایەوە.
باسی لەوەشکرد، پێنج کڵێسای ئەرمەنەکان لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڕاستی ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە مایەی شانازییە.
لەبارەی نەمانی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئێمە لەسەر ئەو پرسە سکاڵایەکمان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد بۆ ئەوەی کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەنەکان بگەڕێتەوە، پەرلەمانی کوردستان نابێت تەنیا شوێنی حزبە کوردییەکان بێت بەڵکو دەبێت شوێنی هەموو پێکهاتەکانیش بێت.
لە ساڵی 1923 کڵێسای ئەرمەنییەکان لە زاخۆ لەسەر دەستی ئەرمەنییەکان دروست کراوە، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گەورەترین مەڵبەندی ژیانی ئەرمەنییەکان دادەنرێت و، نزیکەی هەزار هاووڵاتیی ئەرمەنی تێدا نیشتەجێنە.