کۆمەڵێک پزیشکی ئەمەریکی غەززەیان جێ هێشت
کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کۆمەڵێک لە کارمەندانی پزیشکی ئەمەریکا کەرتی غەززەیان بەجێ هێشتووە، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەکەدا گەمارۆ دراون کە خزمەتگوزارییەکانیان تێدا پێشکەش دەکرد.
هەفتەی ڕابردوو هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دا، کە پزیشکە ئەمەریکییەکان نەیانتوانیوە غەززە بەجێ بهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل دەروازەی سنووری ڕەفەحی داخست.
لە نێوان ئەوانەدا 10 ئەندامی کۆمەڵەی پزیشکی فەڵەستینی ئەمەریکی کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، دوای ئەرکێکی دوو هەفتەیی لە نەخۆشخانەی ئەورووپایی لە شاری خان یونس لە نزیک شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، بەنیازبوون نەخۆشخانەکە بەجێ بهێڵن.
جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئامەریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆی 20 پزیشک و کارمەندی چاودێریی تەندروستی ئەمەریکی ١٧ کەسیان ڕۆژی هەینی غەززەیان بەجێ هێشتووە.
گوتیشی: بەشێک لەو پزیشکانەی گیریان خواردووە، ڕێگەی خۆیان بۆ شوێنێکی سەلامەت گۆڕیووە، بە هاوکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە قودس.
سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت: سێ لەو پزیشکە ئەمەریکییانە ڕەتیان کردووەتەوە غەززە جێ بهێڵن، چونکە پێیان وابووە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ناتوانێت ئاسانکارییان بۆ بکات بۆ چوونە دەرەوە لە کەرتی غەززە.
کۆمەڵەی پزیشکی ئەمەریکی فەڵەستینی کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستە و بنکەکەی لە ئەمەریکایە، ڕایگەیاند، تیمەکەیان لە 19 پسپۆڕی چاودێریی تەندروستی پێک هاتووە، کە 10 کەسیان بەڕەگەز ئەمەریکین، ڕێگرییان لێ کراوە لەوەی لە غەززە دەرچن.