ئەحمەد سەفار: پرسی بودجە لە عێراق بووەتە سیاسی

بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی 2004ەوە تاوەکو ئێستا یەک ساڵ بودجە لە کاتی خۆیدا نەهاتووەتە پەرلەمان و جێ بەجێ نەکراوە.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە عێراق بودجە دادەنرێت بەڵام بەتەواوی جێ بەجی ناکرێت، لەبەر ئەوەی بودجە لە عێراقدا بووەتە بودجەیەکی سیاسی.
ڕاشیگەیاند، لە ساڵی 2004ەوە تاوەکو ئێستا یەک ساڵ بودجە لە کاتی خۆیدا نەهاتووەتە پەرلەمان و جێ بەجێ نەکراوە، چونکە داهات و خەرجی گشتی دەستوور و یاسایی خۆی هەیە، هەروەها یاسای کارگێڕی و دارایی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 هەموو شتێکی ڕێکخستووە، بۆیە پێویستە حکوومەت لە مانگی 10ـی پێش ساڵی نوێ دەبێت بودجە بنێرێتە پەرلەمان و پێش 1ـی 1ـی ساڵی نوێ تەواو ببێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکاتێک حکوومەت بەدجەی دان، دەبیت پێداچوونەوە بە بودجە و خەرجی رابردوو بکاتەوە، تاوەکو بزانیت کوردتهێنان و داهات و خەرجی چەند بووە، لە بەرئەوە ئێستا مانگی 5ـە هێشتان خشتەی بودجەی ئەمساڵ تەواو نەبووە. چونکە بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ بووە 2023 و 2024 و 2025، ئەوەی ئیستا هەیە تەنها دانانی خشتەی بودجەیە.
گوتیشی: یاسای ژمارە 6 دەڵێت: نابێت کورتهێنان لە بودجەدا زیاتر بێت لە 3 %، کە لە ئێستادا بەرهەمی ناوخۆی عێراق 450 ترلیۆنی ساڵانەیە، نابێت کورتهینان زیاتر لە 13 ترلیۆن بێت، بەڵام سەیرکە ئێستا کورتهێنان 64 ترلیۆنە، دەکاتە پێنج هێندەی ئەو یاساییەی لەبارەیەوە دەرچووە.