نیویۆرک تایمز: سوپا پلانێکی ناتانیاهۆی بۆ هێرشی سەر ئێران رەتکردووەتەوە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانی هەبووە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەکان هێرشێکی نوێ بکاتە سەر ئێران، بەڵام بەرپرسانی سەربازی دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو پلانە راگەیاندووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بنیامنین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانی هەبووە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەکان هێرشێکی نوێ بکاتە سەر ئێران، بەڵام سوپای ئیسرائیل داواکارییەکەی ناتەنیاهۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران رەت کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە نیویۆرک تایمزی راگەیاند، ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل هێرشەکەی بە ناپێویست ناوبردووە و نیگەران بووە لەوەی کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی تاکلایەنە و نهێنی بکرێت و ئێران ناچار بە کاردانەوەیەکی توند بکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەو شەڕە نوێیە لەگەڵ ئێران رووی دابووایە، رەنگبوو ببایە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان یان ئاستەنگکردنی هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ پێکهێنانی حکوومەت دوای هەڵبژاردن.
لە بەرامبەردا، ئەفیگدور لیبێرمان، سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بێتینۆ و یەکێک لە رکابەرەکانی ناتانیاهۆ داوای تۆمارکردنی سکاڵای لەسەر تۆمەتی خەیانەت کردووە. لیبێرمان، ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی ژیانی سەربازانی خستووەتە مەترسییەوە، تەنیا لەپێناو ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا شکست نەهێنێت.
پێشتریش سی ئێن ئێن بڵاویکردبووەوە، ئیسرائیل بەهۆی کەمیی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاوەڕوانکردنی رەزامەندیی ئەمریکا، لە هێرشکردنە سەر ئێران پاشگەز بووەتەوە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکدا دڵنیایی دابووە هەموو لایەک پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و هەنگاوی لەو شێوەیە نانێن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە دا، ئەو راپۆرتانەی باس لە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و فەرماندەکانی سوپا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران دەکەن، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کاتز، هۆشداریی دا و گوتی، هەموو لایەکیان ئاگادار کردووەتەوە ئەگەر ئێران بوێریی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان بکات، زۆر بە تووندی وەڵامیان دەدەنەوە و زیانی قورسیان لێ دەدەن.
لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای ئێران کە رێبەری ئەو وڵاتەشی تێدا بوو کوژران، جەنگەکە 39 رۆژ بەردەوام بوو زیانێکی زۆر بە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیشت و لەبەرامبەردا تاران هێرشێکی چڕی کردە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.