دوو سەرچاوە بۆ کوردستان24: زەیدی دەچێتە دیمەشق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندن) (15-10-2026)
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندن) (15-10-2026)

 سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی وزە و ئاسایش؛ بەمزووانە سەردانی سووریا دەکات. لە ئێستاشدا بەغدا چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشقە بۆ دیاریکردنی کاتی سەردانەکە لە رووی ئەمنییەوە.

دوو سەرچاوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ـیان راگەیاند، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی سووریا بکات.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە دا، لە سەردانەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکرێت و بەتایبەتی باس لە پرسی وزە، نەوت، ئابووری و ئەمنی دەکرێت.

سەبارەت بە کاتی سەردانەکە، سەرچاوەکان ئەوەیان خستەڕوو، بڕیار بوو سەردانەکە پێش چوونی زەیدی بۆ ئوردن بێت، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوانەی لە ئوردن روویاندا، سەردانەکەی عەممان پێشخرا.

هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی سووریا دەکەن، چونکە لایەنی سووریا بڕیارە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنی بکات و بە خێرایی وەڵامی عێراق بداتەوە، هەرکاتێکیش ئامادەکارییەکان تەواو ببن سەردانەکە دەکرێت.

پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا دوای رووخانی رژێمی ئەسەد بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو دەنێت. لە دوای دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی و شەرع لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکا کۆبوونەوە.

دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی سووریا، وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق دەیانەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق رێکبخەنەوە. سنووری درێژی نێوان هەردوو وڵات و بوونی هەڕەشە ئەمنییەکان، وای کردووە هەماهەنگیی ئەمنی لە پێشینەی کارەکانی هەردوو حکوومەت بێت.