گوتەبێژی دەستەی ژینگە: دەرمانی قڕكەری كیمیایی زیانی زۆری بۆ سەر ژینگە هەیە

گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، دەرمانی قڕکەر کاریگەری لەسەر پیسبوونی خاک هەیە و دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەرمانی قڕکەر مادەی کیمیاوییان تێیدایە، لەکاتی بەکارهێنانی ئەو دەرمانی قڕکەرە بۆ دار و درەخت کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە و تەندروستی دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "ئەگەر ئەو دەرمانە زۆر بەکاربهێنرێت، یاخود گرتنەوەکەی خەست بوو، کاریگەری لەسەر پیسبوونی خاک هەیە کە دواجار کاریگەری لەسەر پێکهاتەی خاک و گۆڕانکاری بەسەرخاکدا دێت و پیس دەبێت".
عەبدولرەزاق خەیلانی دەشڵێت: "لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر سەیری دەرمانی قڕکەر و کاریگەرییەکانی بۆ خاک بکەین، دەبینین بە تێپەڕینی کات لەگەڵ ئاوی باران یاخود ئاودێری، بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دەچێتە ژێر زەوییەوە. بەمەش ڕەنگە بگاتە ئاوی ژێر زەوی و ببێتە هۆی پیسبوونی ئاو و چەندان نەخۆشی و ڤایرۆسیشی لێدەکەوێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی".
دەرمانی قڕكەری كیمیایی زیانی زۆری بۆ سەر ژینگە و خاك و مرۆڤ هەیە، كاریگەرییە نەرێنییەكانی بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ دەبێت .