ئاكرێ.. دوو حاڵه‌تی تووشبوون به تای خوێن به‌ربوون تۆمار كرا

ته‌ندروستیی ئاكرێ دوو حاڵه‌تی تووشبوون به نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوونی له قه‌زاكه راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 22ـی ئایاری 2024)، ته‌ندروستیی ئاكرێ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، دوو حاڵه‌تی نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون له قه‌زاكه تۆماركرا، تووشبوێكیان ته‌مه‌نی 48 ساڵ بوو و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دهۆك و پاشان بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر، دواجار گیانی سپارد.
هه‌روه‌ها ته‌ندروستی ئاكرێ راشیگه‌یاند، تووشبووی دووه‌م، ته‌مه‌ن 60 ساڵه و ته‌ندروستیی جێگیره و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه كرا.
تای خوێنبه‌ربوون چییه؟
یه‌كێكه له نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه گوازراوه‌كان، كه ده‌بێته هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی مرۆڤ و دیواری ده‌مار و موولووله‌ی خوێن له‌ناو ده‌بات، كاریگه‌رییه لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه، سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت.
له هه‌فته‌ی دووه‌م زیاتر مه‌ترسیداره، كه تووشبووه‌كه له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی جه‌سته‌ی تووشی خوێنه‌به‌ربوون ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تووشی سكچوونی خوێناوی ده‌بێت، ئه‌مه تا 10 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و به مردن كۆتایی دێت.
نەخۆشیەکە له ساڵی 1944 له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سه‌ریهه‌ڵداوه و به گشتی له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه.