کۆمپانیای زۆم خەڵاتێکی جیهانی بە دەست دەهێنێت
کۆمپانیای بەرهەمە سپیاتییەکانی "زۆم"، کە پشت بە بەرهەمی شیری هەزاران جووتیار و ئاژەڵداری ناوخۆیی دەبەستێت، خەڵاتی بەناوبانگی "تۆپ کۆم" بۆ ساڵی 2026 لە بوارەکانی دیزاینی پاکێجینگ و شێوازی ناساندنی بەرهەم بە دەست دەهێنێت.
پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان خەڵاتی نێودەوڵەتیی "تۆپ کۆم گراند پریکس کۆنسوومەر" بە دەست دەهێنێت، کە یەکێکە لە خەڵاتە بەناوبانگە نێودەوڵەتییەکان و لە لایەن دامەزراوەی جیهانیی "تۆپ کۆم گرووپ"ـەوە پێشکەش دەکرێت.
عەبدولعەزیز شێروانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای زۆم لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەم خەڵاتە جیهانییە دەبەخشرێتە ئەو کۆمپانیایانەی لە بوارەکانی کەمپینی ریکلام، ناساندنی بەرهەمە نوێیەکان، داهێنان لە دیزاینی بەرگ و پاکێجینگ و شێوازی پەیوەندیی سەرکەوتوو لەگەڵ بەکارهێنەراندا دەستکەوتی بەرچاویان بەدەستهێناوە.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای زۆم روونی کردەوە، یەکێک لە گرنگترین پایەکانی کاری زۆم بریتییە لە کۆکردنەوەی شیری مانگای جووتیاران و ئاژەڵدارانی گوندەکان و گۆڕینی بۆ چەندین جۆری بەرهەمی سپیاتیی باڵا، وەک: شیر، ماست، پەنیر، ماستاو و قەیماخ، بە قەبارە و تامی جۆراوجۆر؛ بەمەش توانراوە زنجیرەیەکی بەهێز لەنێوان بەخێوکردنی ئاژەڵ، کۆکردنەوەی شیر و پرۆسەی بەرهەمهێنان لەناو کارگەدا دروست بکرێت.
بە پێی زانیارییە فەرمییەکانی کۆمپانیاکە، ئێستا 28 بنکەی وەرگرتنی شیر لە ناوچە جیاوازەکاندا چالاکن، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گەیاندنی بەرهەمی رۆژانەی جووتیاران بە بنکەکان و کەمکردنەوەی تێچوو و ئەرکی گواستنەوە لەسەر شانیان، هاوکات لە رێگەی کڕینەوەی بەردەوامی بەرهەمەکانیان، سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوام و پارێزراو بۆ ئاژەڵداران دابین کراوە.
لە رووی کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی پڕۆژەکەوە، زیاتر لە 400 کارمەند لە پڕۆژەی زۆمدا کار دەکەن و زیاتر لە 3 هەزار و 367 جووتیار بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە کارەکانی پڕۆژەکە سوودمەند بوون؛ هاوکات بڕی ئەو شیرەی کە رۆژانە لە بنکەکاندا لە ئاژەڵداران وەردەگیرێت، لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 40 تۆن.
پڕۆژەی زۆم لە ساڵی 2020ـدا دانرا و لە 30ـی ئایاری 2023ـدا بە فەرمی لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. کارگەکە دەکەوێتە گوندی ژاژووک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ناوچەی بارزان.