پێگەی میدڵ ئیست ئای: گفتوگۆ نهێنییەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکەونە مەترسییەوە
بە گیان سپاردنی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران، گفتوگۆ نهێنییەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکەونە مەترسییەوە.
پێگەی میدڵ ئیست ئای بەریتانی بڵاویکردەوە، برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەمەسقەت ئەم مانگە بە نهێنی لەگەڵ عەلی باقری کەنی جێگری ئەوکانتی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و بەرەوپێشچوونی زۆر باشیش لە گفتوگۆکانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، گفتۆگۆکان کەوتوونەتە مەترسییەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆ نهێنییەکەی ئێران و ئەمەریکا لە عوممان بابەتەکانی، گۆڕینی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل، کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران و سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی لەخۆگرتبوو.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە.
دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕهئیسی سەرکۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.