بارزانی: گۆڕانكاریى گەورە لە ناوچەكە بەڕێوەیە و پێویستە ھەماھەنگیى زیاتر و نزیكترمان ھەبێت

" پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، بەڵام ھێشتا كات و كاری زیاتری دەوێت"

 K24- ئەنقەرە

مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی سەردانەكەی بۆ ئەنقەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا رایگەیاند، كۆبوونەوەی گرنگیان لە توركیا ئەنجام داوە و ھاوڕابووین لەسەر بەردەوامی گفتوگۆكان. سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەو سەردانەمان بۆ كۆماری توركیا لەسەر بانگێشتی سەرۆك كۆماری توركیا بوو، كۆبوونەوەی زۆر گرنگمان لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و چەندین بەرپرسی دیكەی توركیا ئەنجام داوە".

لەبارەی كات و گرنگی سەردانەكەش، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا كاتێكی ھەستیارە بۆ ھەموو لایەكمان دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی باسی ھەموو بابەتەكان بكەین، ھەروەھا بە دەرفەتم زانی دووبارە پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی دیكە و گەلی توركیا بكەم بۆ سەركەوتنیان بەسەر ئەو كودەتایەی كە روویدا".

 بارزانی راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەكان باسی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان ھەردوو لامان  كرد لە بواری ئابووری، سیاسی، ئەمنی، ھەروەھا باسی پەیوەندییەكانی ھەرێم و بەغدامان كرد و ھاوڕابووین كە بەردەوام بین لە راوێژكردن و قوڵكردنەوەی پەیوەندییەكان لە ھەموو بوارێكدا".

بارزانی جەختی لەسەر ئەوەش كرد كە شەڕی داعش یەكێك بوو لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكان و " رێككەوتین كە چۆن ھاوكار بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە، چونكە گۆڕانكاریى گەورە لە ناوچەكە بەڕێوەیە ، بۆیە پێویست دەكات ھەماھەنگیى زیاتر و نزیكترمان ھەبێت".

 سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا گوتی: "پڕۆسەی ئاشتی لەناو توركیا مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، بەڵام لەوە دەچێت ھێشتا كات و كاری زیاتری بوێت، سەرەڕای ئەوەش ئێمە نا ئومێد نین و لە ھەوڵەكانمان بەردەوام دەبین ، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا شتی زۆر ناخۆش روویداوە، ئومێدەوارین رۆژێك بێت پڕۆسەی ئاشتی دەست پێبكاتەوە".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بارزانی رایگەیاند: " تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكانمان باسی قوتابخانەكانی سەر جەماعەتی گولەن بوو لە ھەرێمی كوردستان،  لەم بارەیەشەوە لەسەر چارەسەركردنی ئەم گرفتە رێككەوتین بە شێوەیەك كە زیان بە قوتابیانی ھەرێمی كوردستان نەگات".