هاووڵاتییانی بەغدا: تەنیا ملیاردێرەکان توانای کڕینی خانوویان هەیە

لە هەندێک شوێنی بەغدا نرخی یەک مەتری چوارگۆشە بۆ سەرووی 15 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. هاووڵاتییان دەڵێن، تەنیا ملیاردێرەکان توانای کڕینی خانوویان هەیە.

لە هەندێک شوێنی بەغدای پایتەختی عێراق، نرخی یەک مەتر چوارگۆشە زیاتر لە حەوت هەزار دۆلارە. لە هەندێک شوێنی دیکەش، 10 هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت. گرانیی تەنیا زەویی و خانووی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیش. لەم نێوەندەدا هاووڵاتیی ئاسایی ناتوانێت خەونیش بە بەدەستهێنانی خانوویەک لە بەغدا ببینێت.

هاووڵاتییەکی بەغدا دەڵێت، "تەنیا ملیاردێرەکان دەتوانن لە شوێنێکی وەکوو مەنسور کە مەترێک بە 10 هەزار دۆلار و  لە یەرمووک و کازمییەش کە بە 11 هەزار دۆلارە، خانوو بکڕێت. تەنانەت پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیش داوا نرخی خەیاڵیی دەکەن".

خاوەنکارانی نووسیگەکانی خانووبەرە باس لە ژمارەی پێوانەیی نوێ دەکەن کە پێشتر وێنەی نەبووە، لە هەندێک ناوچە نرخی مەترێک گەیشتووەتە زیاتر لە 10 هەزار دۆلار. ئەم ژمارەیە لە کەم وڵاتی جیهان تۆمارکراوە.

خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرە ئاماژە بەوە دەدات، "ئێستا پارە لە بانکەکان دانانرێت، چونکە هەژمارەکان ئاشکران و لەوە دەترسن بڵێن ئەم پارەیەت لە کوێ هێناوە؟ بۆیە پارەکە هاتووەتە نێو بواری خانووبەرەوە و نرخی مەترێک گەیشتووەتە زیاتر لە 17 هەزار دۆلار و ژمارەی ترسناکتیش هەن. 200 مەتر چوارگۆشە لێرە لە ناوچەیەکی بازرگانیی کەڕڕادە بفڕۆشیت، ڤێلایەکی لە دوبەی پێ دەکڕیت".

وێرای بەرزبوونەوەی خەیالیی نرخی خانووبەرە لە بەغدا، حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە چارەسەرێکی ریشەیی بدۆزنەوە. شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ سپیکردنەوەی پارە لەو کەرتەدا دەگەڕێننەوە.

Fly Erbil Advertisment