کەشناسیی عێراق: سێ ڕۆژ هەوا فێنک دەبێت و دواتر گەرما دەست پێ دەکات

دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات بەر لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لەم هەفتەیەدا بەهۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی مامناوەند، سێ ڕۆژ کەشوهەوای عێراق فێنک بێت و پلەکانی گەرماش بە نزیکەی چوار پلەی سیلیزی دادەبەزن، بەڵام دواتر گەرمایەکی پڕۆکێنەر ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکە بگرێتەوە.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی دەستەکە، لە ئەمڕۆوە پلەی گەرما لە عێراق نزم دەبێتەوە و تاوەکوو سێشەممە هەوایەکی فێنک و مامناوەند تەواوی عێراق دەگرێتەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە و پێشنی دەکرێت گەرمای هاوین دەست پێ بکات.
هەروەها پێشبینی دەکات لە سێشەممەوە پلەکانی گەرما پلە بە پلە بەزر بێتەوە و لە ناوەڕاست و باشووری عێراق 40 پلەی سیلیزی تێپەڕێنن و خێرایی با لە نیوەڕۆدا تاوەکوو ئێواران بەهێز و کاریگەر بن، بەڵام لە دەمەو ئێواراندا کاریگەرییەکان با کەم بێتەوە.
هەر بە گوێرەی نەخشەی کەشوهەوای پێشبینی کراو، هاوینی ئەمساڵ زۆر گەرمتر دەبێت بەراورد بەو گەرمایەی لە دەیەکانی ڕابردووی عێراق تۆمار کراوە، ئەمەش بە هۆی کاریگەریی ئەو پاڵەپەستۆ گەرمایەی لە کەمەرەی گۆی زەوییەوە بەرەو نیوە گۆی باکوور هەڵدەکشێت کە بە خانەی هادلی ناسراوە.