بەلیغ ئەبو کەلەل: کوردستان24 جێگەی شانازییە بۆ هەموو عێراق

سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رایگەیاند: کوردستان24 کاریگەری گەورەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، داوا دەکەم ئەو کاریگەرییە بۆ هەموو عێراق بگوازرێتەوە؛ دەشڵێت: هەبوونی کەناڵێکی کوردی لە کوردستانی خۆشەویستەوە بۆ هەموو عێراق جێگەی شانازییە.

شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەلیغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، لە ساڵیادی  پەخشی کوردستان24دا، دەزگاکەی وەک میدیایەکی گەورە و خاوەن پێگەیەکی کاریگەر لە هەرێمی کوردستان وەسفکرد و جەختیکردەوە، خواستی ئەوە هەیە ئەو کاریگەرییە فراوانە بۆ گۆڕەپانی عێراق بگوازرێتەوە و دەنگی بەهێزی ئەم کەناڵە بگاتە تەواوی بینەرانی عێراقی.

سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، وێڕای دەربڕینی هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ دەزگاکە، داوای کرد هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا فراوانتر بکرێن، تا کوردستان24 بە پەیامە پیشەییەکەی، وەک پردێکی پتەوی متمانە لە گەیاندنی راستییەکان لەسەر ئاستی عێراق بەردەوام بێت.

گوتیشی: هەبوونی کەناڵێکی کوردی لە کوردستانی خۆشەویستەوە بۆ هەموو عێراق جێگەی شانازییە.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.