خراپی ڕێگاوبانەکان، ڕووداوەکانی هاتوچۆی لە سنووری کەرکووک زیاد کردووە

کەرکووک
کەرکووک

بەهۆی خراپی رێگاوبانەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکانی هاتوچۆ لە رێگەی سەرەکی بەغدا-دیالە-کەرکووک هاوکات زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، زیاتر لە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و 400 بۆ 500 کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕێگای سەرەکی بەغدا-دیالە-کەرکووک مانگانە دەیان قوربانی و سەدان برینداری لێ دەکەوێتەوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە حکوومەتی عێراق سستە لە چاککردنی ڕێگاوبانەکان و جێبەجێکردنی سیستەمێکی سەردەمییانەی هاتوچۆ کە تیێدا هەلومەرجی شۆفێران بە بەراورد بە رێگاوبانەکان ڕەچاو بکرێت.

فارس عەزاوی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی لە پارێزگای دیالە ڕایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەکانی دیالە و بەشی پزیشکی دادی لە سنووری پارێزگاکەیان مانگانە زیاتر لە 30  حاڵەتی گیانلەدەستدان و 400 بۆ 500 برینداری رووداوەکانی هاتووچۆ تۆمار دەکەن. دەشڵێت، "سەختترین ڕووداوەکان دەکەونە سەر رێگەی خێرای بەغدا کەرکوک- دیالە". دووپاتیشی دەکاتەوە، هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆ، "خێرایی زۆرە لەگەڵ بوونی چاڵ و خراپی ڕێگاوبانەکان، هەروەها نەبوونی هێماکانی رێنمایی هاتوچۆ".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی دیالە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حكوومەتی عێراق دەکات چارەسەریی ریشەیی بۆ ئەم پرسە بکەن لە ڕێگەی پەرەپێدانی ڕێگاوبانەکان و دانانی هێمای ڕێنماییەکان لە پێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ .

لای خۆیەوە عەلی مەجمەعی، ئەفسەری هاتوچۆ لە پارێزگای دیالە ئاماژەی بەوە کرد، زۆر هۆکار لە پشت ڕێژەی بەرزی رووداوەکانی هاتوچۆن، دیارترین هۆکارەکان: نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی لە سەرپێچیکاران، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە لایەنە کاریگەرەکان و گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە، کە هێرش دەکەنە سەر پۆلیسی هاتووچۆ  ئەگەر پابەندیان بکەن یاسا و رێساکانی هاتوچۆ.

مەجمەعی ڕوونیشی کردەوە، بەشێکی دیکەی هۆکارەکان پەیوەندییان بە شکستهێنان لە جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان هەیە لە پاراستنی شەقامەکان و چاککردنەوەی چاڵەکان کە بەرپرسیارییەتیی دەکەوێتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ڕێگاوبانەکان، جگە لە جێبەجێنەکردنی سیستەمی رێنمایی هاتوچۆ لەلایەن بەڕێوەبەڕایەتیی پۆلیسی هاتووچۆ.

لە بەرامبەردا نیهاد ئەلکەرخی، توێژەری مافەکانی مرۆڤ ئەوەی خستەڕوو، زۆرێک لە شەقامەکانی ناوچەکە شایستەی خزمەتگوزاری بەردەست نین بۆ شۆفێریکردن و کەڵکیان نەماوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە سنوورەکە. ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی قوربانییان کە بەگوێرەی ئاماری فەرمی ڕاگەیەنداوە، بەرزە و بەرپرسیاریەتیی گەورە دەکەوێتە سەر حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان.