ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزدەکرێتەوە
سەبارەت بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت: لە گەڵ حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی لە پەیوەندیداین بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سەرەتا لە کابینەی نۆیەمدا سێ یەکەمەکانی 2015-2016 و 2016-2017، دامەزرێندران کە نزیکەی سێ هەزار یەکەم بوون."
گوتیشی: "تایبەت بە سێ یەکەمەکانی دیکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، هەرچەندە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕابردوودا کاری لەسەر دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی دەڕچووی بەشی پزیشکی و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر بوون دامەزران."
عەباس ئەکرەم دەشڵێت: "سەبارەت بە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستاندا، لەدواین هەوڵدا بەهۆی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی و وەزارەتی دارایی کار بۆ ئەوە کراوە کەوا بتوانین بەهەر شێوەیەک بێت ناوەکان بەرز بکەینەوە بۆ دامەزارندنیان".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی: لەو چوارچێوەیەدا لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا، لیجنەی تایبەت لە وەزارەت دروستکرا بۆ ناردنی ناوەکان بە وردی، بۆ ئەوەی لەو مافە بێبەش نەبن، هەر لەسەر ئەو بابەتە داوامان لە زانکۆکان کرد لیستی ناوی سێ یەکەمەکانمان بۆ بنێرن، کە تاوەکو دوێنێ سەرجەم ناوەکان گەیشتنە وەزارەت و لێرەشەوە ناوەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە.