ئیدارەی ترەمپ وادەی هێرشکردنە سەر ئێرانی ئاشکرا کرد

تۆڕی "ئێم ئێس ناو" بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بە نیازە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس هێرشێکی چڕ و کورتخایەن بۆ سەر ئێران دەستپێبکات.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆڕی هەواڵیی "ئێم ئێس ناو"ـی ئەمریکی لەسەر زاری سێ بەرپرسی وڵاتانی کەنداو ئاشکرای کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، وڵاتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە، خۆیان بۆ جەنگی ئێران ئامادە بکەن و جەنگ رۆژێک دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس، واتە لە چواری تشرینی دووەم دەستپێدەکاتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی بەرپرسەکان، ئیدارەی ترەمپ نەخشەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتیان ئامادە کردووە کە تایبەتمەندییەکەی ئەوە دەبێت هێرشەکە زۆر چڕ و لە هەمان کاتدا کورتخایەن دەبێت، بە شێوازێک کە ئامانج لێی وەشاندنی گورزی کوشندە بێت لە ژێرخانی سەربازی و پێگە هەستیارەکانی ئێران بەبێ ئەوەی پەلکێشی جەنگێکی درێژخایەنی نەپچڕاو ببێت.

پێشتریش چەند هەواڵێک بڵاوبووەوە کە ئەمریکا هۆشداری بە هاوپەیمانانی لە وڵاتانی کەنداو داوە، ئەگەری هەیە دوای هەڵبژاردنی نیوەخول هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە، هاوکات سەربازانی لە بنکەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستووەتەوە و ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە گەشتیگەلێکی گەورەی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە، هەروەها واشنتن سێیەم کەشتی فڕۆکەهەڵگر بە ناوی یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤێڵت لەگەڵ 20 کەشتی جەنگی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەدەچێت، ئەم پرۆسەیە دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدرێت و وەک راپرسییەکی گشتی و گرنگ لەسەر جۆری سیاسەتەکان و کارنامەی دۆناڵد ترەمپ سەیر دەکرێت، کە تێیدا دیموکراتەکان و کۆمارییەکان ململانێیەکی توند دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی جومگە دیموکراتییەکانی یاسادانان.