بەهۆی مینەوە ڕۆژانە خەڵک لە ئەفغانستان دەبنە قوربانی

ڕۆژانە لە ئەفغانستان خەڵک بەهۆی مین و تەقەمەنی دەبنە قوربانی، لە سەرەتای 2023ـی تا مانگی نیسانی ئەمساڵ نزیکەی 900 کەس لەو وڵاتە بەهۆی پاشماوەکانی جەنگ کوژراون و گیانیان لە دەستداوە، زۆرینەی قوربانیانیش منداڵن، تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مین و تەقەمەنی لە ئەفغانستان ئاشکرای دەکات، هۆکاری سەرەکی قوربانی بوونی خەڵک یاریکردنە بە پاشماوەکانی جەنگ، هەژاریش یەکێکە لە هۆکارەکان و خەڵک دەیانەوێت پاشماوەکان کۆبکەنەوە و بیانفرۆشن.
تیمێکی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ لەناوبردنی مین و تەقەمەنی لە ئەفغانستان، ئامادەکاری دەکات بۆ تەقاندنەوەی مینێکی دژە تانک لە گوندێک لە باشووری هەرێمی گازنی کە لە شەڕی ئەفغانستان و یەکێتی سۆڤیەتی جاران چێندرابوو، منداڵان قوربانی سەرەکین و ئێستە ناوچەکە بۆ ئەوان سەلامەتترە.
ئەحمەد سەعید، تەمەنی 13 ساڵە، بەهۆی تەقینەوەی مین لە نیسانی ئەمساڵ بریندار بوو و برایە بچووکەکەشی کوژرا، داوا دەکات گوندەکەیان لەو چەکە مەترسیدارە پاک بکرێتەوە.
ئەحمەد سەعید، قوربانی تەقینەوەی مین دەڵێت، "بیری برایەکەم دەکەم دەمەوێت گوندەکەمان پاک بکرێتەوە، ئێستا برایەکەم شەهید بوو و جارێکی دیکە نابێت موسڵمانان بکوژرێن."
سەرۆکی تیمەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی قوربانی بوون یاریکردنی منداڵان و بەرزی ڕێژەی هەژارییە، خەڵک هەوڵدەدەن کانزا و پاشماوەکانی جەنگ کۆبکەنەوە تا داهاتیکیان دەستبکەوێت.
نیک پۆند، سەرۆکی تیمی بەرەنگاربوونەوەی مین هۆکارەکان دەدۆزێتەوە و دەڵیت،" هۆکاری سەرەکی برینداربوون یاریکرنە بەو شتانەی دەیدۆزنەوە کە پاشماوەی تەقەمەنی جەنگن. هۆکارەکەش ئەوەیە ئەم وڵاتە چەندین جەنگی بینیوە، هۆکارێکی دیکەش هەژارییە و خەڵک کانزا کۆدەکەنەوە تا هەڵیوەشێننەوە، پێویستیان بە پارەیە بۆیە خۆیان دەخەنە مەترسییەکی گەورە تا کۆیانبکەنەوە و هەندێک پارەیان دەستبکەوێت."