وەزیری پێشمەرگە: توانا و پێشکەوتنەکانی پێشمەرگە گەشە دەکەن

وەزیری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، هاریکارییەکانی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان و تیمی ئۆفیسی هاریکاریی ئاسایشی ئەمریکا لەعێراق و هەرێمی کوردستان، هۆیەکی گرنگی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زیاتری وەزارەتی پێشمەرگەن.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی و ئۆفیسی هاوئاهەنگیی هاریکاریی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەکۆبوونەوەکەدا، پڕۆسەی پێکهێنانی فیرقەکان، سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ، پڕۆسەی بە بانکیی کردنی مووچەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە و ستراتیجییەتی دوور مەودای پڕۆسەی چاکسازی پێشمەرگە تاوتوێ کران.
وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەریەک لەکۆڵۆنێڵ مەکێنزی، بەرپرسی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ گاچێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاریی ئاسایشی ئەمریکا، بۆ هاوکاریی و هاوئاهەنگییە بەردەوامەکانیان کرد و گوتی، هاریکارییەکانی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان و تیمی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمریکا لەعێراق و هەرێمی کوردستان، جێی بایەخی زۆری ئێمەیە و هۆکارێکی گرنگیی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زیاتری وەزارەتی پێشمەرگەیە.