وەزیری کارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکرێت

ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی وەزیری کارەبا "کەمال محەممەد ساڵح" کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی کرد و چەند بڕیارێکیشی دا.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی وەزارەتی کارەبادا بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادە بوون، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگاکان درا.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەرنامەی پێدانی کارەبا لە وەرزی هاویندا، هەروەها بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس زیاد دەکرێت و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وێڕای ئەوەی تیمەکان چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی. هەروەها بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکانیش درا.