ترهمپ: من زیندانییهكی سیاسییم
سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا و ركابهری سهرهكی بایدن بۆ ههڵبژاردنی سهرۆكایهتیی ئهمهریكا 34 تاوانی بهسهردا ساخ بووهوه

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە بووە یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە تا ئێستا بە تاوانێک سزا درابێت، دوای ئەوەی دەستەی سوێندخۆرانی نیویۆرک بە هەموو تۆمەتەکانی دۆسیەی بەرتیلەکەیدا تاوانباریان کرد، ئەمەش چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنێک کە دەرفەتێکە بۆ دۆناڵد ترامپ بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
دەستەی سوێندخۆران بە هەریەکێک لە 34 تۆمەتی ساختەکردنی تۆمارەکانی بازرگانی بۆ شاردنەوەی پارەیەک کە مەبەست لێی بێدەنگکردنی ئەستێرەی پۆرن ستۆرمی دانیێڵز بوو، تاوانباریان کرد. لە ڕووی تیۆریەوە دەکرێت بۆ هەر تۆمەتێک سزای چوار ساڵ زیندانی بدرێتە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەڵام ئەگەری زیاتری هەیە کە سزای ئازادی یان بەربوونی بەمەرج وەربگرێت.
کۆماریخوازە تەمەن 77 ساڵەکە کە بەبێ کەفالەت ئازادکرا، ئێستا تاوانبارە – ئەمەش رووداوێکی سەرسوورهێنەرە و بۆ یەکەمینجاریشە لە مێژووی وڵاتێک وەک ئەمەریکا، کە زۆرجار سەرۆکەکان وەک بەهێزترین پیاوی جیهان وەسف دەکرێن، رووداوێکی هاوشیوەی ئەمە ڕووبدات.
بەڵام ترامپ ڕێگری لێناکرێت لە بەردەوامبوون لە شەڕەکەی بۆ لابردنی سەرۆک جۆ بایدن لە مانگی نۆڤەمبەردا لە دەنگدانی گشتی ئەمەریکا-- تەنانەت ئەگەر بەهۆی ئەم سازاکانەوە بچێتە زیندان.
پارێزەرەکەی، تۆد بلانچ، وتی تیمەکەی تامپ چاویان لە تانەدانە "بە زووترین کات کە دەتوانین".
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "من پیاوێکی زۆر بێتاوانم"، سوێندی خوارد کە "حوکمی ڕاستەقینە" لە ڕۆژی هەڵبژاردندا لە دەنگدەرانەوە بێت. ترامپ دادگاییکردنەکەی بە "ساختە" و "شەرمەزاری" ناوزەد کرد.
تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆک بایدن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دادگاییکردنەکە دەریخستووە "کەس لە سەرووی یاساوە نییە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو مەترسییەی ترەمپ لەسەر دیموکراسیمان دروستی دەکات هەرگیز لەوە گەورەتر نەبووە".
دادوەر خوان مێرشان سزاکە بۆ 11ی تەمموز دیاریکرد -- چوار ڕۆژ پێش کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان لە میلواکی، کە بڕیارە ترامپ کاندیدکردنی فەرمی پارتەکەی وەربگرێت.
دەستەی سوێندخۆران کە لە 12 ئەندام پێکهاتبوو لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە 11 کاتژمێر کۆبوونەوەیان کردبوو، پێش ئەوەی سەرپەرشتیاری دادوەری لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئەنجامە کۆدەنگییەکەی خوێندەوە.
مێرشان سوپاسی دەستەی سوێندخۆرانی کرد بۆ تەواوکردنی "ئەرکە قورس و پڕ لە گوشارەوە".
ناسنامەکانیان بە درێژایی دانیشتنەکان بە نهێنی هێڵدرابووەوە، ئەمەش کارێکی دەگمەن بوو کە زیاتر لە کەیسەکانی مافیا یان تۆمەتبارانی توندوتیژی دیکەدا دەبینرا.
هەروەها ترامپ ڕووبەڕووی تۆمەتی فیدراڵی و ویلایەتی دەبێتەوە کە پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 کە بایدن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەروەها بەهۆی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی دوای دەرچوونی لە کۆشکی سپی.
بەڵام ئەم دادگاییکردنانە -- لەسەر تاوانە گوماناوییە زۆر قورسەکان -- ئەستەمە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەست پێبکەن.
پیلانگێڕی هەڵبژاردن
ترامپ بە تۆمەتی ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان بۆ گەڕاندنەوەی پارەی 130 هەزار دۆلاری پارێزەرەکەی مایکل کۆهین بۆ دانیێڵز لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا سزا درا؛ لە ساڵی 2016، ئیدیعای ستۆرمی دانیێلز کە گوایە ترامپ سێکسی لەگەڵیدا کردووە دەکرا بۆ هەلمەتی هەلبژاردنی ترامپ کوشندە بێت.
لە دادگاییکردنەکەدا ئیفادەی درێژخایەنی ستۆرمی دانیێلز پێشکەشکرا کە ناوی ڕاستەقینەی ستیفانی کلیفۆردە و بە وردی بۆ دادگا باسی لەوە کرد کە ئەو شتەی کە دەڵێت لە ساڵی 2006دا ڕووبەڕووبوونەوەی سێکسی بووە لەگەڵ ترامپی کە لەو کاتە هاوسەرداربووە.
داواکارانی گشتی بە سەرکەوتوویی دۆسیەیەکیان داڕشت کە گوایە بەرتیڵ و پەردەپۆشکردنی نایاسایی پارەکە بەشێکە لە تاوانێکی فراوانتر بۆ ئەوەی دەنگدەران لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی ترامپ ئاگادار نەبن.
کۆهین کە شایەتحاڵی سەرەکی بوو وەک یاریدەدەرێکی پێشووی ترامپ کە ئێستا ڕووی لە سەرۆکە کۆنەکەی کردبوو و لەدژی قسەی دەکرد، بڕیارەکەی دادگە بە "ڕۆژێکی گرنگ بۆ لێپرسینەوە و سەروەری یاسا" ناوبرد.
ترامپ ڕەتیدەکاتەوە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سێکسی لەگەڵ ستۆرمی دانیێڵزدا هەبووبێت، بەڵام لە بەرگریکردن لە خۆیدا شایەتحاڵی نەداوە. پارێزەرەکانی دەیانگوت هەر پارەیەک کە بدرێت بە ئەکتەرەکە بە تەواوی یاساییە.
بانگەشەکردن لە دادگاوە
ئەم دادگاییکردنانە بە تەواوەتی تەرکیزی ترامپ بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و واپێدەچێت کاریگەریشبووبێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بۆ لابردنی بایدن لە کۆشکی سپی.
بەڵام بە درێژایی ئەم دادگاییکردنانە، تامپ توانیویەتی سەرنجی میدیاکانی بۆ خۆی رابکێشێت و ئەمەش جۆرێکە لە بانگەشەی هەلبژاردن.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەرکردنی بڕیارەکە، کەمپەینی ترامپ بانگەوازێکی کۆکردنەوەی پارەی خستەڕوو، بە ناوی "من زیندانییەکی سیاسیم!" هەروەها ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ڕۆژی هەینی لێدوانێکی گشتی بۆ ڕۆژنامەنووسان دەدات.
کیس گادی، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆی مەسیحی تەکساس ڕایگەیاند، هێشتا کاریگەریی سیاسی ئەم ڕووداوە خۆی بەدیار نەختسووە.
وتی "پێدەچێت کاردانەوەیەکی زۆری بەسەر دەنگەکانەوە نەبێت، بەڵام لە ویلایەتە تایبەتەکاندا کە دەنگدەری بێلایەنیان هەیە، دەتوانێت ئەمە زۆر گرنگتر دەربکەوێت. بۆیە لە پێشبڕکێ توندەکانی ئەم ویلایەتانە، دەتوانێت شتەکان لە ئاراستەیەکەوە بۆ ئاراستەیەکی دیکە بجوولێنرێن."
ترامپ کە پێش سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر بۆ بەرزترین پۆستی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا ناوی خۆی وەکو بازرگانێکی گەورە لە بواری خانووبەرەدا ناساندبوو، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕووبەڕووی سزای ئازادی بە مەرج دەبێتەوە، چونکە بۆ یەکەمجارە سزادراوە.
تانەدان لە بریاری دادگەکە تەواو حەتمییە، بەڵام ئەمە دەتوانێت چەند مانگێک بخایەنێت تا تەواو ببێت.