ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وادەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق ڕاگەیاند

K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا، ساڵی داهاتوو کۆتایی بە ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بهێنێت.
ڕۆژی هەینی (31ـی ئایاری 2024)، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگ لەسەر داواکاری حکوومەتی عێراق، بڕیاریدا لە کۆتایی ساڵی 2025، کۆتایی بە ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بهێنێت.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بوو، کاتێک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەم مانگە، داوای کردبوو لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆتایی بە ئەرکی یۆنامی بهێنرێت.
سوودانی داواشی کردبوو، ساڵی داهاتوو نەتەوەیەکگرتووەکان دەستبکات بە ڕێوشوێنەکانی داخستن و کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی نێردەی نەتەوەیکگرتووەکان لە عێراق تاوەکوو لە کۆتایی 2025، بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکەکانی یۆنامی بهێنرێت.
زیاتر لە 20 ساڵە، یۆنامی لە عێراقدا کاردەکات و سەرۆکی نێردەکەش نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە پرسە سیاسییەکاندا، ڕۆڵی هەبووە لە لێکنزیک بوونەوەی لایەنەکان و لە هەڵبژاردنەکانیشدا، وەک چاودێکی نێودەوڵەتی هاوکاری حکوومەتی عێراق بووە.