حەماس بە پێشنیازەکەی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست ڕازییە
بزوتنەوەی حەماس ڕایدەگەیەنێت، بە ئەرێنییەوە پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست لە غەززە دەکەن.
دوای ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەک لەلایەن جۆو بایدن، بۆ ئاگربەست لە غەززە، بزوتنەوەی حەماس هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دەسپێشخەرییەکەی جۆو بایدن ڕاگەیاند و باس لەوە دەکات، هەموو ئامادەیەکییان تێدایە بۆ مامەڵە لەگەڵ هەر ڕەشنووس و پێشنیازێک کە تایبەت بێت بە کشانەوەی ئیسرائیل لەغەززە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
لای خۆیەوە، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی بایدن بۆ ئاگربەست لە غەززە جەخت لەوەدەکاتەوە، پێشوازیی لە هەر هەوڵێک دەکەن کە هاوکاربێت بۆ گێڕانەوەی بارمتەکان بۆلای کەسوکارییان.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ئاگربەست لە غەززە خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس، کە لە سێ قۆناغ پێک هاتووە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: ڕەشنووسەکەی ئیسرائیل ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکان و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی غەززە لەخۆ دەگرێت.
باسی لەوەش کرد، دوای هەوڵە دیپلپۆماسییە بەردەوامەکانمان، ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، ڕەشنووسەکە لە لایەن قەتەرەوە گەیەندراوەتە حەماس.
بەگوێرەی ڕەشنووسەکە، ئاگربەستەکە قۆناغی یەکەمی شەش هەفتەیە و بریتییە لە ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ، هەروەها کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی سڤیلی زۆر لیێیە، لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە.
بایدن دەشڵێت: "دواتر گفتوگۆ دەربارەی قۆناغی دووەم و سێیەم دەکەین کە بریتییە لە ڕاگرتنی هەمیشەیی شەڕ".