لوید ئۆستن: ئەمەریکا ناتوانێت یارمەتیی کۆریای باشوور بدات

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا، گومانی هەیە وڵاتەکەی بتوانێت یارمەتیی کۆریای باشوور بدات لە دروستکردنی ژێردەریایی ئەتۆمیدا.

ئۆستن لە کۆڕبەندی ئەمنی سەنگاپورە "دیالۆگی شانگریلا" گوتی: "زۆر گومانم هەیە کە بتوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێشخەرییەکی دیکەی هاوشێوەی هاوپەیمانی "ئۆکۆس" بکەین".

ئۆستن جەختی کردەوە کە ئەمەریکا کۆریای باشوور بە هاوپەیمانێکی گرنگی خۆی دەزانێت.

ئۆستن ئاماژەی بەوەش دا، کە واشنتۆن پێی وایە هاوپەیمانی "ئۆکۆس" دەتوانێت بۆ دەیان ساڵ سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات.

واشنتۆن، کۆریای باشوور وەک یەکێک لە هاوبەشە ئەگەرییەکان بۆ هاوکاریکردنی هاوپەیمانی ئۆکۆس (ئۆسترالیا، بەریتانیا و ئەمەریکا) دەبینێت.

پێشتریش ڕۆژنامەی سانکێی بڵاوی کردەوە، حکوومەتی ژاپۆن پێشنیاری نافەرمی پێگەیشتووە بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی ئاسایشی "ئۆکۆس"ـی ئەمنی کە لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا دامەزرا.