نەهلە ئەفەندی: کوردستان24 پێشەنگی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێنجەم، بە بۆنەی 11هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24 پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی ئەو کەناڵە کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، نهلە ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێنجەم لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەر، نووسەران، رۆژنامەنووسان، پەیامنێران و سەرجەم کارمەندانی کوردستان24 کراوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆی پێشکەش بە ستاف و بینەرانی کەناڵەکە کردووە.

ئەفەندی لە پەیامەکەیدا جەختیکردەوە، کوردستان24 بووەتە پردێک بۆ گەیاندنی راستییەکان بە کاتێکی خێرا و هەمیشە لە پێشەنگدا بووە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هیوای خواست، کوردستان24 لە پێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا، وەک هەمیشە بە پرەنسیپ و ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی بەردەوام بێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەفەندی داوای کرد کەناڵەکە بە هەمان گیانی نیشتمانی و نەتەوەیی، رۆڵی کارا و گرنگی خۆی لە خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی میدیای کوردی بگێڕێت.

دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، 11 ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و بە زمانی کوردی و پێنج زمانی زیندووی جیهانی، بووە سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان.

هەروا لە پێنانە نێو 12هەمین ساڵی کارکردنیدا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ دەکاتەوە؛ لەوانە پێشخستنی ڕاستیی هەواڵ بەسەر خێراییدا، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان لەبری ورووژاندن، بەخشینی ئومێد و پاراستنی ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، لەگەڵ مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بۆ رێگری لە چەواشەکاری. هاوکات لەسەر ئەم بنەمایانە، هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنجدا دەنێت بێ سازشکردن لەسەر بەها نیشتمانی و پیشەییەکان.