دادگاییکردنی ترەمپ کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

ئەمەریکا
ئەمەریکا

K24 – واشنتن:

دوای بە تاوانبارناساندنی دۆناڵد ترەمپ لە دادگەی مانهاتن لە نیویۆرک، کاردانەوەی تووندی کۆماری و لایەنگرانی بەدوادا هات و دەڵێن: دادگاییکردنەکە هاندانی سیاسی لەپشتە. لە چوار کەیسی کە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ جووڵێندراون، لە یەکێکیان وەک تاوانبار ناسێنراوە و سێی دیکەی هێشتا لە دادگەن.

دۆناڵد ترەمپ، زیاتر لە سێ ساڵە پێی دەڵێن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەڵام لەو ماوەیەدا زیاتر لە سەرۆکێک ناوی دەهێنرێت و بووەتە مانشێتی تیڤی و رۆژنامەکان، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی پێش چوونە کۆشکی سپی و دواتریش لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ئاراستەی کراون، ترەمپ هەر رۆژە و لە دادگەیەکە.

 لە یەکەم کەیسیدا کە لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو داواکاری گشتیی نیویۆرک جووڵاندوویەتی و لە 34 تۆمەت پێکهاتوون و تایبەتن بە ساختەکردنی تۆماری بازرگانی و پێدانی پارە بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان بۆ بێدەنگکردنی، ترەمپ لە دادگەکە هەر 34 تۆمەتەکەی لەسەر ساغبووەوەتەوە. ئەمە جگە لە کاردانەوەی تووندی کۆمارییەکان، لایەنگرانی ترەمپیشی تووڕە کردووە.

بریانا تارنا، هاووڵاتیی ئەمەریکا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ پێویستە بچێتە زیندان، چونکە کاتێ تۆ، کاتێک هەر کەسێکی ئاسایی یاسا دەشکێنێت، دەبێت بخرێتە زیندان، تەنیا لەبەرئەوەی کە سەرۆک بووە، ئەوە ناگەیێنێت کە مافی پێشێلکردنی یاسای هەیە، باشە ئەگەر تۆ یاسا بشکێنیت، ناخرێیتە زیندان؟"

هێشتا سێ کەیسی دیکە کە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کراون لە دادگەن و یەکلانەبوونەتەوە، دووانیان تایبەتن بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2020 و هاندانی لایەنگرانی بۆ هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێس کاتێک بەرامبەر جۆ بایدن شکستی هێنا، کەیسێکی دیکەی تایبەتە بە بردنی تۆمارە نهێنییەکانی دەوڵەت کاتێک کۆشکی سپی جێهێشتووە. بە ساخبوونەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون سزای ماددی دەدرێت یان زیندانی دەکرێت.

دۆناڵد ترەمپ کە ئێستا تەمەنی 77 ساڵە و بەربژێری کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون رەتدەکاتەوە و دەڵێت: هاندەری سیاسییان لەپشتەوەیە، بەڵام ئەو پاشەکشە ناکات لە بەربژێربوون بۆ سەرۆکی ئەمەریکا.

Fly Erbil Advertisment