وەزیری بەرگریی چین: هەر کەسێک بیەوێت تایوان لە چین جیا بکاتەوە خۆی لەناو دەبات

وەزیری بەرگری چین هۆشداری دا کە سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ڕێگریی لە سەربەخۆیی تایوان "بە زۆر" و ڕایگەیاند، هەرکەسێکیش بوێری ئەوە بکات تایوان لە چین جیا بکاتەوە، خۆی لەناو دەبات.

لە میانی کۆڕبەندی "گفتوگۆی شانگری لا" دۆنگ جون، وەزیری بەرگریی چین ڕایگەیاند، سوپای ڕزگاریخوازی گەلی چین هەمیشە هێزێکی گەورە و تۆکمە بووە لە بەرگریی لە یەکێتیی نیشتمان و بە توندی هەنگاو دەنێت بۆ ڕێگریی لە سەربەخۆیی تایوان جەختیشی کردەوە، هەرگیز هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نابێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، هەرکەسێک بوێرێت تایوان لە چین جیا بکاتەوە، پارچە پارچە دەکرێت و خۆی لەناو دەبات.

ئەم لێدوانە لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئەمنی لە سەنگاپوورە دوای یەکەم دانوستانی ڕووبەڕووی جەوهەری لە ماوەی 18 مانگدا لە نێوان وەزیرانی بەرگری چین و ئەمەریکادا هات.

ئەمەریکا و چین پەیوەندییەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان، لە کاتێکدا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو سەردانی پەکین و شانگهای کرد.

چین لە ساڵی 2022وە پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە، ئەمەش لە وەڵامی سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ تایوان.

گرژییەکان لەنێوان واشنتۆن و پەکین پەرەی سەند لەسەر چەند پرسێک، لەوانە باڵۆنێکی سیخوڕیی چینی کە گومانی لێ دەکرێت بەسەر ئاسمانی ئەمەریکا فڕیوە خراوەتە خوارەوە، دیدارەکەی تسای ئینگ وین سەرۆکی ئەوکاتی تایوان لەگەڵ کیڤن مەکارتی جێنشینی پیلۆسی و هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ تایوان.

چین پێداگری لەسەر بنەمای "یەک چین" دەکات، کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە و تایوان بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی چین، هەروەها حکوومەتی کۆماری گەلی چین تاکە حکوومەتی شەرعییە" کە نوێنەرایەتی هەموو چین دەکات.

Fly Erbil Advertisment