پەرلەمانی عێراق خشتەکانی بودجەی 2024ـی پەسەند کرد

K24 - بەغدا:

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ خشتەکانی بودجەی 2024ـی پەسەند کرد.

په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر خشته‌ی یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 ده‌دات و دانیشتنه‌كه‌ش هه‌ڵده‌گرێت.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی عێراق كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر خشته‌كانی (أ/ب/ج/د/هـ/و) له‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 دا و دانیشتنه‌كه‌یشی هه‌ڵگرت.

دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی 199 په‌رله‌مانتار به‌ڕێوه‌ چوو و ده‌نگ له‌سه‌ر خشته‌كانی (أ/ب/ج/د/هـ/و) درا و كۆبوونه‌وه‌كه‌یش هه‌ڵگیرا.

له‌م باره‌وه‌ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان خشته‌كانی (أ/ب/ج/د/هـ/و) له‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ خشته‌ی (أ) تایبه‌ته‌ به‌ داهات وەک ئەوەی بۆ ساڵی 2024  دانراوه‌. هه‌روه‌ها خشته‌ی (ب) تایبه‌ت كراوه‌ به‌ خه‌رجییه‌كان به‌ گوێره‌ی وه‌زاره‌ته‌كان.

خشته‌ی (ج) په‌یوه‌سته‌ به‌ هێزی كاری ئه‌و وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یانه‌ی به‌ شێوه‌ی ناوه‌ندیه‌تی پاره‌دار ده‌كرێن. هاوكات خشته‌ی (د) تایبه‌ت كراوه بۆ خه‌رجییه‌كانی حاكیمه‌.

خشته‌ی (هـ) هه‌ژماره‌ سه‌ره‌كییه‌كان (به‌شه‌كان)ـی له‌ خۆ گرتووه‌ و خشته‌ی (واو)ـیش تایبه‌ت به‌ خه‌رجییه‌كان به‌ گوێره‌ی كه‌رته‌كان و چالاكییه‌كان.

پشکی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجەی ساڵی 2024، 20 ترلیۆن و 900 ملیار دینارە کە نزیکەی 12 ترلیۆنی بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و نزیکەی هەشت ترلیۆن دیناریش بودجەی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی دیکەیە کە پێشبینی دەکرێت بە پەسەندکردن و خەرجکردنیی گەشەی ئابووری لە هەرێمی  کوردستان زیاتر دەبێت.

Fly Erbil Advertisment