ڕووبەرێکی فراوانی دارستانەکانی کالیفۆرنیا بوو بە خەڵووز
چوار ڕۆژە ئاگرێکی فراوان لە دارستانەکانی کالیفۆرنیا کەوتووەتەوە کە بە گەورەترین ئاگری ئەمساڵ دادەنرێت لەلایەن ناوەندی ئاگرکوژێنەوە و تاوەکوو ئێستا 57 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە دارستانەکان سووتاوە.
وەزارەتی پاراستنی دارستان و ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا ڕایانگەیاندووە، ئاگرکەوتنەوەکە لە پارچە زەوییەکەوە بووە کە تاقیگەی نەتەوەیی لۆرێنس لیڤەرمۆر کاری تاقیکردنەوە و توێژینەوە زانستییەکانی تێدا دەکات و لە کاتی توێژینەوەیەکی تاقیگەکە ئاگرکەوتنەوەکە ڕوویداوە و تەشەنەی کردووە.
هەروەها ئاماژەیانداوە، ئاگرەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ڕوویداوە و لە شەممەوە تاوەکوو ئێستا تیمەکانیان توانیویانە %75ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی فراوانی ڕووبەری ئاگرەکە و مەترسییەکانییەوە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی تەلەفزیۆنی کالیفۆرنیا بڵاوی کردووەتەوە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەمساڵدا گەورەترین ئاگرە کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما لە دارستانەکانی ویلایەتەکە دەکەوێتەوە و تاوەکوو ئێستاش دوو ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە برینداربوون.
هەر بە گوێرەی هەواڵی کەناڵەکە، بەشێکی زۆر لە داری ناوچە شاخاوییەکانی نزیک کەنداوی سان فرانسیسکۆ بە تەواوی سووتاون کە بەهۆی سەختی شوێنەکان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەستیان پێی نەگەیشتووە.