لە پارێزگای ئیلام، بە هۆی هەورە برووسکە پێنج کەس بوونە قوربانیی
لە ئەنجامی هەورە برووسکە لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
عەلی محەمەد پاکدڵ نەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی قەیرانەکانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، هەورە برووسکە لە شارۆچکەی بەدرە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی دوو کەسی دیکە.
پاکدڵ نەژاد روونی کردەوە، ئەو چوار هاووڵاتییە دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی بەدرە بوون و بۆ گەشت و سەیران چوونەتە ناو سروشتی ناوچەکە.
بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکان ئاشکرای کرد، لە رووداوێکی دیکەدا لە ناوچەی زەڕنە سەر بە شارۆچکەی ئەیوان، هاووڵاتییەک بەهۆی هەورە برووسکەوە بریندار بووە.
لە لایەکی دیکەوە ساسان رۆستەمی، شارەزای پێشبینیی کەشناسی لە ئیلام بە میدیای ئێرانی راگەیاند، ناسەقامگیریی کەشوهەوا و بارانی پاییزە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە پارێزگاکە بەردەوام دەبێت.
رۆستەمی ئاماژەی بەوە دا، رەشەبا، مەترسیی هەورە برووسکە و تەمومژ لە رێگە شاخاوییەکاندا هەیە و داوای لە شاخەوانان و گەشتیاران کرد روو لە بەرزایییەکان نەکەن و داواشی لە کۆچەرییەکان کرد لە کەناری رووبارەکان دوور بکەونەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ ساڵی 2026-2027، دیاردەی کەشوهەوایی ئێڵ نینۆ دەبێتە هۆی بارانی بەخوڕ لە ناوچەکە و شەپۆلی چڕی باران لە نیوەی دووەمی مانگی نۆڤەمبەرەوە پارێزگای ئیلام دەگرێتەوە.