دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران داخرا

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند، دوێنێ کۆتا ڕۆژی پێشکەشکردنی داواکاری کاندیدەکان بۆ خولی 14ـی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بوو، گوتیشی، ژمارەی ناونووس کردنی کاندیدەکان گەیشتووەتە 80 کەس.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران باسی لەوەش کرد، لەم قۆناغەدا ئەنجوومەنی پارێزەران کە لە 12 ئەندام پێکدێت، لەماوەی حەوت ڕۆژدا کاردەکات بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی شایستە بوونی کاندیدەکان، هەروەها لە 11ـی حوزەیران لیستی ئەو کاندیدانە بڵاودەکاتەوە کە خاڵەکانی شایستە بوونی تێدابووە.

بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە 12ـی حوزەیران دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 16 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن لە 28ـی حوزەیران بە دەنگی ڕاستەوخۆی جەماوەر ئەنجام دەدرێت.

لە دیارترین کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی لاریجانی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەعید جەلیلی، عەبدولناسر هیمەتی.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.