وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: کابینەی نۆیەم بایەخەکی تایبەتی بە منداڵانی ئۆتیزم داوە

کوێستان محەممەد
کوێستان محەممەد

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەری ئۆتیزمی لە کۆیە کردەوە و گوتی: لەو کابینەیەدا، ئەو وەزارەتەی ئێمە چەندین سەنتەری ئۆتیزمی لە قەزاکان کردووەتەوە و گرنگی تایبەتمان داوە بە منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان.

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دوای دابین کردنی مامۆستا لە هەولێر، دەست دەکەین بە وەرگرتنی منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەری ئۆتیزمی کۆیە، ئەویش بە ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی پسپۆڕ کە پشت ڕاستی بکاتەوە ئەو منداڵە نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە."

کوێستان محەممەد باسی لەوەشکرد، "سەنتەری ئۆتیزم تەنها ئەوە نییە چاودێری منداڵی ئۆتیزم بکات، بەڵکو لەگەڵ چاودێریکردن ڕاهێنانی پێدەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین فێری "قسە و تەرکیزی بکەین" دواتر وای لێبکەین بچێت بخوێنێت".

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، "ساڵی پار لە سەنتەری ئۆتیزمی هەولێر، 20 منداڵمان چۆتە بەر خوێندن، ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی".

دەشڵێت: سەرەڕای پشتیوانیمان بۆ هەموو خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتە باڵاکان، گرنگی تایبەتمان داوە بە منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان داوە، هەر بۆیە لەو کابینەیەدا، ئەو وەزارەتەی ئێمە چەندین سەنتەری ئۆتیزمی لە قەزاکان کردووەتەوە، هەروەها لە بەرنامەشمان دا هەیە چەندین سەنەتەری دیکە لەقەزاکانی دیکە بکەینەوە.

ڕاشیگەیاند، ناوی هەموو ئەو منداڵانەمان نووسیوە کە پێشتر تۆمار نەکراون، ناوەکانمان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە کە مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە، هەروەها منداڵانی ئۆتیزم لە هەموو نەخۆشخانەکانی حکوومەت بە بێ بەرامبەر پشکنینی بۆ دەکرێت و چارەسەر و دەرمان وەردەگرێت. هەروەها لە فڕۆکەخانەکان خۆیان و خێزانەکانیان بەشێوەیەکی خێرا مامەڵەکانیان بەڕێوە دەچێت.

Fly Erbil Advertisment