رۆژنامه‌كانی ئه‌ڵمانیا: كورد قوربانی هاوسه‌نگی نوێی هێزه‌كانی سووریایه
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی به مه‌ولود چاوشئۆغلو، هاوتا توركه‌كه‌ی، راگه‌یاندووه، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)، به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی فوڕات ده‌كشێنه‌وه.
پێشتریشن جۆزیف بایدن، جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له كاتی سه‌ردانیكردنی توركیا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هێزه كوردییه‌كان پاشه‌كشه نه‌كه‌ن، پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش به هه‌ڕه‌شه‌ی ناڕاسته‌وخۆ بۆ هێزه كوردییه‌كان له رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووريا هه‌ژمار ده‌كرێت.
رۆژنامه‌ی "فرانكفورته‌ر ئه‌لگماینه تسایتونگ" له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی: "ماوه‌یه‌كی زۆره توركیا دوودڵه له تێوه‌گلانی راسته‌وخۆ له‌و شه‌ڕه‌ی كه له وڵاته دراوسێكه‌یدا هه‌یه، راسته ئه‌نقه‌ره له‌و یارییه‌دا پاڵپشتی و هاوكاری چه‌ند گرووپێكی چهكداریكردووه، كه هه‌وڵی لابردنی به‌شار ئه‌سه‌دیان داوه له ده‌سه‌ڵات، به به‌رده‌وامیش به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كان، له باره‌ی تێوه‌گلانی راسته‌وخۆی وڵات له شه‌ڕی سووریا، هۆشدارییان داوه‌ته به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش رووبدات، له‌به‌ر دوو هۆكار ده‌بێت: ئه‌و تیرۆره‌ی داعش له توركیا چاندوویه‌تی، هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وه‌ی كورد دامه‌زراندنی رێڕه‌وێك له‌و ناوچه سنوورییانه".
به گوێره‌ی راپۆرته هه‌واڵییه‌كان، ئه‌مڕۆ توركیا، ژماره‌یه‌ك تانكی دیكه‌ی ره‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری جه‌رابلوس كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش دووربخاته‌وه و رێگه له شه‌ڕڤانانیش بگرێت ناوچه‌كه كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.
له باره‌ی ئه‌و پێشهاته سه‌ربازییانه‌ش، رۆژنامه‌ی "تاگس تسایتونگ" نووسیویه‌تی: "وه‌ك چه‌ند جاری پێشوو روویداوه، گێڕانی رۆڵی سه‌ربازی له‌لایه‌ن رووسیا له سووريا، به‌رده‌وام ئه‌مه‌ریكای ناچاركردووه، به كاره‌كانیدا بچێته‌وه, به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ كرده‌ی سه‌ربازی هاوبه‌شه‌كه‌ی له هاوپه‌یمانی ناتۆ، ئه‌وه‌ش به‌روونی یه‌ك واتای هه‌یه، ئه‌ویش دوورخستنه‌وه و راگرتنی كورده -كه له ساڵی 2014ه‌وه هاوكارییان ده‌كه‌ن- ، له زیاتر هه‌ڵكشانی ئه‌و هێزه به‌ره‌و باكووری سووریا و به‌ریه‌ك كهوتنییان له‌گه‌ڵ یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی توركیا، ئه‌گه‌ر په‌یه‌ده‌ش فه‌رمانی پاشه‌كشه له‌و ناوچانه ره‌تبكاته‌وه، ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هاوكارییه‌ك بۆ ئه‌و هێزه راده‌گرێت، به‌وه‌ش كورد ده‌بێته قوربانی یه‌كه‌می هاوسه‌نگی نوێی هێزه‌كانی سووریا".
سه‌رچاوه: DW