وەزارەتی کشتوکاڵ: بەدەستهێنانی شایستەکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان لە بەغدا بە ئەنجام گەیشت

شاندی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
شاندی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان لە سایلۆکانی عێراق گەیشتە ئەنجام.

رۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024)، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دوایین هەوڵەکانی تیمی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان لە سایلۆکانی عێراق، گەیشتە ئەنجام.

ئەمڕۆ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پیشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت و سبەش دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە.

وەزیری کشتوکاڵ گوتی، بەگوێرەی ئەو داتا سەتەلایتەی کە پێوانەی  دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی ڕووبەری داچێنراومان کردووە، پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت.