لە ئیدارەی راپەرین دەوامی فەرمانگە و زانکۆکان ئاساییە

لە 24 کاتژمێری رابردوودا 40 ملیمەتر باران لە ئیدارەی راپەرین باریوە، بێ ئەوەی لافاو دروست ببێت یان هیچ زیانێکی گیانی و مادی بە هاووڵاتییان بگات.

ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی راپەرین گوتی: "دەوامی زانکۆ و فەرمانگەکان لە سنووری ئیدارەی راپەرین ئاساییە، چونکە هیچ ئاستەنگێک بۆ هاووڵاتییان دروست نەبووە."

پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە: "ئاستی ئاوی بەستی شەرغە لە بناری چیای دێدەوان، کە دەکەوێتە نێوان شارەدێی دێگەڵە و کۆیە، بە جۆرێک بەرزبووەتەوە کە لە وەرزی بارانبارینی بەهارانیشدا بەو شێوەیە نەبینراوە."

هاوکات ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە ئیدارەی راپەرین هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان کردووە، بەتایبەت پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بارانبارینەکە تا درەنگانی شەو بەردەوام بێت.

لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا لەو سنوورە نزیکەی 60 ملیمەتر باران باریوە و پێشبینیش دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا 20 تا 25 ملیمەتری دیکە ببارێت. بەمەش مەترسیی پەڵەنەدانی زەوی بۆ جووتیاران نامێنێت و لە سنوورەکە بە تەواوی پەڵە دەدات.