سیروان سیرینی: هۆکاری پیسبوونی ژینگە ئەو وزانەیە کە ئێستا بەکاردەهێنرێت

کۆنفرانسێک لەبارەی ژینگە و گەشەسەندنی وزە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت کە تیایدا جەخت لەسەر ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-6-2024، کۆنفرانسێک لەبارەی ژینگە و گەشەسەندنی وزە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، "لەو کاتەدا ئەو کۆنفرانسە بەڕێوە دەچێت، کە کارەساتە سروشتییەکان و نەخۆشییەکان و ژمارەیەک قەیران لە جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە ژینگەییەکان هاتووەتە ئاراوە".

سیروان سیرینی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دامەزراندنی ناوەندی کەشوهەوا، هاوکات دەستبەکار بوونی هەموو ڕێکخراوەکان لەژێڕ چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەگەڵ پسپۆڕان کاریان کردووە.

دەشڵێت: "ئەمڕۆ لەهەولێر لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورە کۆبووینەتەوە، کە ئێستا ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە، ئەوەش پێویستی بە گەلە کۆمەکی هەیە و تاوەکو بتوانین بەرپرسیارەتی خۆمان جێ بەجێ بکەین تاوەکو ئایندەیەکی باش فەراهەم بکەین".

ئەمینداری گشتی پێشووی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەکانی ناوەندی وزە و کارەبا کە کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە هەبووە، کە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەو گرژیانەن کە لەڕووی سیاسییەوە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە.

سیروان سیرینی جەختیشی کردەوە، ئێستا جیهان ڕوبەرووی وزەی نوێبووەوە بووەتەوە، کە دەتوانین ئەمە باشتر بەکار بهێنین بۆ ئەوەی دەرفەتی کاری زیاتریش بڕەخسێنین، گوتیشی: ئەو کۆنفرانسە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە کە بتوانین هەندێک وزەی جێگرەوە بدۆزینەوە، چونکە ئەو وزانەی ئێستا بەکاری دەهێنین بووەتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە.