نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ دانوستانی واشنتن و تاران ئاشکرا دەبێت
رەشنووسێکی پێشنیازکراو بۆ دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران ئاشکرا بووە، کە نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان لەخۆ دەگرێت.
بەگوێرەی پێشنیازەکە، ئێران پابەند دەبێت بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە رێگەی گواستنەوەی بۆ وڵاتێکی سێیەم یان دابەزاندنی ئاستی پیتاندنەکەی بەگوێرەی رێوشوێنی تەکنیکی و چاودێریکراو. لە بەرامبەردا، پێشنیاز کراوە، لە ماوەی حەوت رۆژدا دوای گەیشتن بە لێکگەیشتنی سەرەتایی، گەرووی هورمز لە رێگەی هەنگاوی دروستکردنی متمانەوە بە رووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بکرێتەوە تا گرژییەکان دابمرکێنەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی رەشنووسەکەدا هاتووە، جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ و هاوتەریب دەبێت. هەر هەنگاوێکی ئێران لە بواری ئەتۆمی و دەریاییدا، وەڵامدانەوەیەکی روونی ئەمریکای لە بەرامبەردا دەبێت بۆ کەمکردنەوەی سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان. ئەم پرۆسەیە لەژێر میکانیزمێکی چاودێریی سەربەخۆدا دەبێت و تاوتوێی ئەوەش دەکرێت چین وەک دەستەبەری نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامیی رێککەوتنەکە دەستنیشان بکرێت.
نێوەندگیرەکان هەوڵی دەستپێکردنی گەڕێکی دانوستانی راستەوخۆ دەدەن و پێشنیاز کراوە دەوحە وەک بەدیلی ئیستانبوڵ دیاری بکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو نیگەرانییە ئەمنییانەی ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوە لە تورکیا دەری بڕیون.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییە هاوتەریبەکاندا، سوپای پاکستان گەشبینییەکی بەئاگایانەی خۆی لەبارەی نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن راگەیاند، دوای ئەوەی فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە لەم مانگەدا دوو جار سەردانی تارانی کرد، هەرچەندە هۆشداریشی دا لە هەوڵی هەندێک لایەن بۆ پەکخستنی رێککەوتنەکە. هاوکات شاندێکی باڵای قەتەر بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییەکان و بوژاندنەوەی کەناڵەکانی دیپلۆماسی، گەیشتووەتە تاران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.