زیاتر لە دوو هەزار زەوی گردجووتیار بەناو دەکرێت

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، خاوەن زەویەکانی گردجووتیار، دەتوانن بۆ بەناو کردنی زەوییەکانیان سەردانی شارەوانی سێ بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی حوزەیران 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە مەبەستی پەرەپێدانی شاری هەولێر، بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی دەرکراوە بۆ بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی گردجووتیار کە دووهەزار و 64 زەویە بەناو بکرێن.

بەگوەتی سەرۆکی شارەوانی، "بڕیاردراوە لە شوێنی گردجووتیار کە دیاری کراوە لەبەرامبەردا خاوەن زەوییەکان قەرەبوو بکرێنەوە، هەر بۆیە خاوەن ئەو زەوییانە ئاگادار کراونەتەوە، بۆ بەناو کردنی زەوییەکانیان دەتوانن سەردانی شارەوانی سێ بکەن، بۆ ئەوەی ڕێ پیدانیان پێبدرێت، ئەوەش بەڕێگەی بە خاوەنکردن دەکرێت، بەیاسا ڕێی پێدراوە دەنێردرێتە دادگا".

کارزان هادی گوتیشی، "ئەو بە خاوەنکردنەوەش زەوی خاوەن زەوی دەخەمڵیندرێت، لەگەڵ زەوی بەرامبەری، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دڵنیا ببنەوە ئەو مافەی کە هەیانە بەزیادەوە هاوکارییان دەکرێت، ئەو نەخشەی کە دیاری کراوە شەقامی 150 مەترییە، ئەو نەخشەی کە ئامادەشکراوە سەوزایی زیاترە و بەشێکی زۆری خزمەتگوزاریشی بۆ چووە، ئێستەش کاری تێدا دەکرێت بۆ گەیاندنی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی دیکە".

راشیگەیاند، "سەبارەت بەو زەوییەی لە خاوەن زەوییەکانیش وەرگیراوە لە داهاتوودا، دەبێتە پڕۆژەیەکی پەرەپێدانی شاری هەولێر".