پێنج هەزار تۆن پەتاتەی کوردستان هەناردەی سعوودیە دەکرێت
بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە دەگاتە 750 هەزار تۆن
بەبازاڕکردن و ساغ کردنەوەی بەرهەمەکان، وەک بەشێکی گرنگ لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵدا بە ڕژدی کاری لەسەر کراوە.
فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، جووتیارانی کوردستان دەستیان بە چنینەوەی پەتاتە کردووە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتە لە ئەمساڵدا بگاتە 750 هەزار تۆن.
بەپێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر بە دوو نۆبەت، ڕێگە بە بازرگانان دەدەن تا بەرهەمەکان بەرەو خوارووی عێراق ببەن.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەماهەنگیی و لێکگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، دەرفەتی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانیان هەیە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، گوتیشی، لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیاران، سنوورەکان کۆنترۆڵ کراون، خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بووە و جووتیاران و بازرگانان دەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشنەوە.
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ بەبازاڕکردنی زیاتری بەرهەمی جووتیاران کاتی ئێوارانیان زیاد کردووە، ڕۆژانە لە کاتژمێر چواری ئێوارە تاوەکوو شەش و نیوی ئێوارە فەرمانبەرەکانیان لە ژووری چاودێریی عەلوەی هەولێر بەدواداچوون و پشتگیریی بە جووتیاران و هەر کەسێک دەدەن کە بەرهەمی جووتیاران بەبازاڕ بکات. گوتی، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی لە کوردستان بەرهەم دێت، ئێمە پشتگیریی پێ دەدەین و دەتوانرێت بەبازاڕ بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاشکرای کردووە، ڕۆژانە 300 بارهەڵگر، دوو هەزار تۆن پەتاتە و 100 تۆن پیاز، بە ڕێگەپێدانێک کە دەیسلەمێنێت بەرهەمەکە ناوخۆییە، بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەگوازنەوە.
دڵشاد سەلام، جوتیارێکە و دەڵێت: لە ناوچەی شێخان و بەردەڕەش بەرهەمی پەتاتە و پیازمان زۆرە، ڕۆژانە 100 تا 150 ئوتۆمبێل بەرهەم بۆ ئێرە دەهێنین، بەرهەمەکانمان لە هەموو عێراقدا باشترینن، ئەگەر حکومەت هاوکاریمان نەکات بەرهەمەکانمان دەمێننەوە.
مستەفا نەجەفیش وەک بازرگانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەڵێت: "پەتاتەی کوردستان زۆر باشە و خواستێکی زۆری خوارووی عێراقی لەسەرە، ئەمڕۆ بارەکەم بۆ بەسرە و نەجەف و کووت دەنێرم، ڕۆژانە بار دەنێرم و 50 بۆ 100 تەن پەتاتە هەناردە دەکەم
بە هۆی گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرهەمی جوتیاران لە زیادبووندان و پاڵپشتییەکانیش بۆ بەبازاڕکردن بەردەوام دەبن. هەفتەی ئاییندە ٥ هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی سعوودییە دەکرێت.
وەک بەشێک لە پلانە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا 200 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە زیادی کردووە و ئەمساڵیش گەیشتووەتە 600 هەزار تۆن کە داهاتەکەشی بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.