پاسێکی تورکیا بە بەهای 37 ملیۆن دینار سەرپێچیی تیژڕەوی کردووە

پاسێکی گەشتیاری تورکیا بە خێرایی لە زۆرینەی کامێراکانی هاتووچۆ سەرپێچی تۆمارکردووە؛ بەهۆی زۆری سەرپێچییەکانییەوە پاسەکە دەستی بەسەر داگیراوە.
بەشی ڕاگەیەندنی هاتووچۆی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، پاسێکی گەشتیاری بە ژمارەی تورکیا، کە گەشتیاران لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەگوێزێتەوە، لە ماوەی گەشتەکانیدا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر لە شەقام و ڕێگاکاندا 135 سەرپێچی تیژڕۆیی کردووە.
بەهۆی تیژڕەویی و زۆری سەرپێچییەکان و کەڵەکە بوونی سزا ماددییەکانەوە، پۆلیسی هاتووچۆی هەولیر دەستی بەسەر پاسەکەدا گرتووە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر، بڕی سزای ماددی هەر 135 سەرپێچییەکەی پاسە تورکییەکە 37 ملیون دینارە.
ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک لەبەرژەوەندی هاووڵاتییان و دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان دەرکرا، بڕگەی حەوتەمی بڕیارەکان پەیوەست بوو بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ لەسەر هاووڵاتییان بە ڕێژەی 20%ی سزاکانی کۆن و سزای سەرپێچییە نوێیەکانی کە بەشێکی زۆری بەهۆی تیژڕەوییەوە لە ڕێگەی کامێراکانی هاتووچۆوە تۆمار دەکرێن تاوەکوو کۆتایی دەوامی ڕۆژی 2024/9/30 لێخۆشبوونەکە بەردەوام دەبێت.