ژینگە دۆستانی دەربەندیخان: کانە بەردەکان زیانی بە سروشتی شارەکەمان گەیاندووە

کارکردنی کانەکانی بەردی دەربەندیخان، ناڕەزایی ژینگە دۆستان و خەڵکیی لێ کەوتووەتەوە و داوای گواستنەوەی کانەکان دەکەن بۆ دەرەوەی شار.
پێنج کانە بەرد لە قەزاى دەربەندیخان کاردەکەن، کانەکان بەرد لە شاخەکان دەردەهێنن و پاشان دەیفرۆشنەوە کارگەکان بە مەبەستی کارى جۆراو جۆر، کارکردنى بەردەوامى ئەو کانە بەردانە نیگەرانى ژینگە دۆستانى دەربەندیخانى بەدواى خۆیدا هێناوەو لەبەردەم قایمقامیەتى ئەو قەزایە گردبوونەوە و دەڵێن، خاکى دەربەندیخان خەریکە تووشى ڕاماڵین دەبێت، هاوکات دەشبێتە هۆى نەمانى درەخت لە دارستانەکان کە ئێستا ڕێژەى سەوزایی دەربەندخان نەگەیشتۆتە ستانداردى جیهانى، ئەو کانە بەردانەش هێندەى دیکە ڕێژەى سەوزایی کەم دەکەنەوە .
سەروەر قەرەداغى، بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى سرووشتى کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی، داوا لە دادوەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان دەکەین، بڕیارە دروستەکە بدەن، ئەویش ڕاگرتنی تەواوی مۆڵەتی ئەو کانانەیە، لەگەڵ نوێنەکردنەوەی مۆڵەتەکەیان، چونکە دووکان هەن مۆڵەتیان بەسەر چووە داوا دەکەن مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ بکرێتەوە.
هەڵوێست عەبدوڵڵای ژینگە دۆستیش گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ لە دنیادا زەنگی بۆ لێدراوە کە لەم دوو دەیەیدا، ئێمە فریای دایکە زەوی نەکەوین لەسەد ساڵی داهاتودا ئەم زەویە وێران دەبێت و وەک ئەوە وایە کە هەرگیز بوونی نەبوبێت.
بە پێى یاساى پاراستنى دارستان کە یاسای ژمارە 8 ى ساڵى 2008 ڕێگە پێدراو نیە، ئەو کانە بەردانە لە شوێنێکدا کار بکەن کە دارستانى لێبێت، خاوەن کانە بەردەکانیش داواى چارەسەرى گرفتەکەیان دەکەن، چونکە ئێستا بەشێکیان کارکردنیان وەستاندووە
فەتاح خالید، خاوەنی کانە بەردە و بۆ کوردستان24 گوتی، نزیکەی هەزار خێزان و کرێکارو شوفێری گەڵابە، لەسەر ئەم کانە بەردانە ئیش دەکەن، ئێستا کارگەیەک چوار پێنج ماڵ لەسەری ئەژی. دەشڵێ، شوێن لە دەرەوەی شار بۆ کارگەکان دابین بکەن.
ژینگە دۆستانی دەربەندیخان دەڵێن کار کردنی ئەم کانە بەردانە زیانی بە سروشتی شارەکەیان گەیاندووەو داوا دەکەن هەرچی زووە لە کارکردن بوەستن بە تایبەت لە ناو دارستانەکانی ئەم شارەدا، خاوەن کانەکانیش داوادەکەن شوێنی دیکەیان بۆ دیاری بکرێت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکەن و لە شوێنی ئێستایان بگوازنەوە.