سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هەنگاوی داهاتوومان چاکسازیکردن دەبێت لە سیستەمی ناونیشان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکەمین خزمەتگوزاریی پۆستەی دیجیتاڵیی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەتمان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوەی یەکەمین خزمەتگوزاریی پۆستەی دیجیتاڵیی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: سیستەمی پۆستەمان بەرەوپێشەوە دەبات و هاووڵاتی و دامەزراوەکانمان بەیەکەوە و ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش دەبەستێتەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: هەنگاوی داهاتوومان: چاکسازیکردن دەبێت لە سیستەمی ناونیشان.

ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوەڕەسمێکدا کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ پۆست، کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن؛ لە شاری هەولێر کردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "لەم سەردەمەدا، پۆستە و گەیاندن، دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ و چالاکە و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و ئاسانكاریی زۆر بۆ ڕاییكردنی ژیان و كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات و كاتێكی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە؛ بەم هۆیەوە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی خێرا ڕایی دەکەن. لە هەمانکاتدا، دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بارگرانیی لە سەر دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها کەرتی تایبەتیش".

ئیگڵ پۆست، گەیاندنێکی پۆستەی ڕێگەپێدراوی هاوبەشە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پۆستەکردن لە تەواوی جیهانەوە بۆ کوردستان و لە کوردستانەوە بۆ تەواوی جیهان بەردەست دەبێت و خزمەتگوزاریی گەیاندنی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لە ڕێگەی زەریا و ئاسمان وشکایی دەتوانن بارەکان بگوازنەوە بۆ ناوچە جیاوازەکان لە سەرانسەری (ئاسیا، ئەفریقا، ئەمەریکای باکوور، ئەمەریکای باشوور، ئەوروپا و ئوستراڵیا).