سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لە میانی پێشوازی کردنی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق جەخت لەسەر گرنگی بەرەوپێش بردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کورستان و فەرەنسا کرایەوە.
ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە: لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئالنگاریی و ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری ناوچەکە کرا.
هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و بەردەوامی و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوولا بە گرنگ زانرا.
هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی فەرەنسای کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان هەرگیز ڕۆلی دۆستانە و ئیجابی گەل و حکوومەتی فەرەنسا لەبیر ناکات کە لە قۆناغە سەختەکاندا هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی کوردستان بوون، و هەروەها باسی لە هەڵوێستی سەرۆک فرانسوا میتران کرد لە پشتگیری و بەدەنگەوەهاتنی گەلی کورد لە ساڵی 1991 و هەوڵدانیان لە دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و پاراستنی گەلی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجامبدرێت و جەخت لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە.
