ئەڵمانیا پلانی نوێی بۆ هاوکاریی کردنی پێشمەرگە هەیە
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، پلانی نوێی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریی کردنی پێشمەرگە خستەڕوو، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، چاوەڕوانی زیاترمان لەهاوئاهەنگی و هەماهەنگیەکانی دۆستانمان لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە.
رۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لە کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە کە لیوا ڕوکن محەمەد سەعید بەڕێوبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوو، تاوتوێی پرۆژە و پلانی نوێی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا، هاوکات گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و خستنە رووی پلانی نوێی هاوکاری و هاوئاهەنگیەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، لە بەرامبەر دەربڕین و خستنەڕووی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە، سەرۆکی ئەرکان فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ پشتگیریی هاوپەیمانان و تیمی سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان نیشاندا، هاوکات دووپاتی لە گرنگیدانی زیاتر بەبوارە جیاوازەکان کردەوە بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە لەچوارچێوەی پرۆگرامی چاکسازیی کە کاری لەپێشینەی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بەردەوامیش دەبێت، گوتیشی، چاوەڕوانی زیاترمان لەهاوئاهەنگیی و هەماهەنگیەکانی دۆستانمان لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە.