بەغدا.. سەدان خۆپیشاندەر داوای دامەزراندن دەکەن

خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوزی بەغدا
خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوزی بەغدا

سەدان کەس لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەشێکیان بەهۆی دانەمەزراندن و بەشێکیش بەهۆی ماف خواردنی دامەزراندنیان گردبوونەتەوە و دەڵێن لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی لەسەر دامەزراندن و خەرج کردنی مووچە دەستی دەستیمان پێدەکەن.

حسین تایگەر نوێنەری خۆپیشاندەران بەکوردستان24ی گوت: لە 2016ـەوە مامەڵەی دامەزراندنمان پێشکەشی دامەزراوە فەرمییەکان کردووە و تاوەکوو ئێستا بە پاساوی تەرخان نەکردنی دارایی لە بودجەی گشتی ئەمڕۆ و سبەییمان پێدەکەن.

گوتیشی: لە بودجەی گشتی ئەمساڵیش هیچ گوژمەیەک بۆ مووچەی دامەزراندن تەرخان نەکراوە، لە کاتێکدا تاوەکوو ئێستا زیاتر لە چوار جار داواکاریمان بە نووسراوی فەرمی بەرزکردووەتەوە و هەموو ڕێکارە یاسایی، ئیداریی و ئەمنییەکانمان تەواوکردووە، بەڵام هیچمان بۆ نەکراوە و هۆکارەکەش بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتن کە نایانەوێت دابمەزرێین و لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و دارایی دەستی دەستیمان پێ دەکەن.

بە گوتەی نوێنەری خۆپیشاندەرەکان، ژمارەمان نزیکەی پێنج هەزار و 600 کەس بووە، بەڵام بەشێکی کەمیان دامەزراون و دەشڵێت: زیاتر لە چوار هەزار 600 کەسیان بێ وەڵام ماونەتەوە و ئەگەر لە سەرەتاوە بە گرێبەست وەربگیرا بوونایە ئێستا دەبوینەی هەمیشەیی.

هەروەها ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت بەوە چەند ساڵە هیچ وەڵامێکی کۆتاییان نەبوو بە دامەزراندن یان دانەمەزراندن لە کاتێکدا بەشێکیان بەخۆبەخش بەشداریان لە شەڕی داعش کردووە.