وەزارەتی پەروەردەی تورکیا کتێبێکی نوێی زمانی کوردی بۆ پۆلی پێنجەم بڵاوکردەوە

لە چوارچێوەی پرۆگرامی "مۆدێلی پەروەردەیی سەدەی تورکیا"، وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکە، نوێترین کتێبی خوێندنی وانەی هەڵبژاردەی زمانی کوردیی (شێوەزاری کرمانجی) بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لە رێگەی تۆڕی زانیاریی پەروەردەییـوە خستە بەردەست قوتابییان و مامۆستایان.

هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پرۆگرامی نوێی ناسراو بە "مۆدێلی پەروەردەییی سەدەی تورکیا"، کتێبی نوێی وانەی هەڵبژاردەی زمانی کوردیی (شێوەزاری کرمانجی) بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لە رێگەی تۆڕی زانیاریی پەروەردەیی (EBA)ـوە بۆ قوتابییان و مامۆستایان خستە بەردەست.

کتێبەکە لەژێر ناونیشانی "Pirtûka Pola 5an ya Kurdî-Kurmancî" لە ماڵپەڕی فەرمیی (eba.gov.tr) بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن دەستەیەکی پسپۆڕ لە نووسەران بە پێی پێوەرە نوێکانی پەروەردە ئامادە کراوە. 

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە پاڵ کتێبی سەرەکیی وانەکەدا، کتێبی راهێنان بۆ قوتابییان و رێبەری تایبەت بە مامۆستایانیش بۆ هەر قۆناخێک بەجیا ئامادە کراون.

بەشێکی گەورەی دەق، چالاکی و راهێنانەکانی نێو کتێبەکە بە دەنگ تۆمار کراون، بە مەبەستی برەودان بە شێوازی فێربوونی کارلێککار؛ قوتابییان دەتوانن لە رێگەی خوێندنەوەی کۆدی (QR) سەر لاپەڕەکان، راستەوخۆ لە رێگەی پلاتفۆرمی (EBA) گوێبیستی خوێندنەوەی دەقی وانەکان ببن. هەروەها کتێبەکە چوار گۆرانیی کوردی لەگەڵ نۆتەی مۆسیقاکەیان لەخۆ دەگرێت، کە دەتوانرێت بە هەمان سیستەمی بارکۆد گوێیان لێ بگیرێت.

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا روونی کردەوە، کە کتێبی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، وێستگەی یەکەمی زنجیرە نوێیەکەیە، بڕیار وایە لە قۆناخەکانی داهاتوودا کتێبی وانەی کوردی بۆ پۆلەکانی شەشەم، حەفتەم و هەشتەمی بنەڕەتی بە ریزبەندی بڵاو بکرێنەوە، تاوەکو سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانی پەروەردەیی بۆ وانەی کوردی لە ئاستی قۆناخی ناوەندیدا بە تەواوەتی دەستەبەر بکرێن.

خستنەڕووی ئەم پرۆگرامە نوێیە لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2012ـەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان وانەی زمانی کوردی (بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی) وەک وانەیەکی بژاردە بۆ قوتابییانی قۆناخی ناوەندی (پۆلەکانی پێنجەم تا هەشتەم) پەسەند کراوە. سەرەڕای رەخنەی بەردەوامی چالاکوانان سەبارەت بە کەمیی میلاک و دانەمەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە قوتابخانە فەرمییەکاندا، بەڵام بۆ ساڵی نوێی خوێندن خواستی قوتابییان و خێزانەکان بۆ خوێندنی زمانی دایک بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە، بە جۆرێک نزیکەی 80 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا وانەی بژاردەی کوردییان بۆ خوێندن هەڵبژاردووە.