ئەڵمانیا.. قەرزی گشتی لە هەر چرکەیەکدا 6 هەزار یۆرۆ زیاد دەکات
رۆژنامەی بیڵد: لە ئەڵمانیا لە هەر 20 خولەکێکدا کۆمپانیایەک دادەخرێت
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە، قەرزی گشتیی ئەڵمانیا سنووری 2.8 تریلیۆن یۆرۆی تێپەڕاندووە، بە شێوەیەک کە قەرزەکانی دەوڵەت بە خێراییی زیاتر لە شەش هەزار یۆرۆ لە هەر چرکەیەکدا لە هەڵکشاندان.
هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، قەرزی گشتیی ئەڵمانیا بەربەستی 2.8 تریلیۆن یۆرۆی تێپەڕاند، هەروەها تێکڕای گەشەکردنی قەرزی گشتی گەیشتووەتە شەش هەزار و 326 یۆرۆ لە هەر چرکەیەکدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە نووسینگەی فیدراڵیی ئامار لە ئەڵمانیا لە مانگی ئەیلوولی 2026ـدا هۆشداریی دابوو لەوەی قەرزەکانی وڵات بەهۆی خەرجییە زەبەلاحەکانی کەرتی ژێرخان و بەرگرییەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان، بە جۆرێک ئیستا کۆی گشتیی قەرزی وڵات لە ئاستی 2.819 تریلیۆن یۆرۆ جێگیر بووە.
بە پێی ئامارەکان، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تا ئێستا 21 هەزار و 296 کۆمپانیا لە ئەڵمانیا مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە و، بە تێکڕا لە وڵاتەکەدا لە هەر 20 خولەکێکدا کۆمپانیایەک دەرگاکانی دادەخات.
لە نێو ئەو کۆمپانیایانەی لە چەند رۆژی رابردوودا مایەپووچبوون، دێرینترین کارگەی کاغەز لە ئەڵمانیا بە ناوی "تۆلاو پاپێن" هەیە کە مێژووەکەی بۆ 150 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەروەها کارگەی "ئایۆس" کە یەکێکە لە دابینکەرە سەرەکییەکانی پارچەی ئۆتۆمبێل بۆ گرووپی "مێرسیدس بێنز" مایەپووچ بووە و بەهۆیەوە نزیکەی 300 کارمەند لە مەترسیی بێکاربووندان.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرباری ئەمانەش، ژمارەی داواکارییە فەرمییە نوێیەکان بۆ تۆمارکردن لە فەرمانگەی بێکاری، سنووری 5.9 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، بە جۆرێک، لە هەر چوار چرکەیەکدا هاووڵاتییەکی نوێ وەک بێکار لە سەرتاسەری ئەڵمانیادا ناوی تۆمار دەکرێت.
لەسەر ئاستی سیاسەتی داراییش، وەک ئەوەی لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 11ـی ئەیلوولی 2026ـدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 ئەنجامدا، کە تێیدا خەرجییەکانی کەرتی بەرگری لە 82.2 ملیار یۆرۆوە لە ساڵی 2026ـدا، بۆ 109.7 ملیار یۆرۆ لە ساڵی 2027ـدا بەرزکراونەتەوە.
شارەزایان پێشبینی دەکەن، کە بەشی هەرە زۆری ئەم خەرجییە سەربازییانە لە رێگەی وەرگرتنی قەرزی نوێی مێژووییەوە دابین بکرێت، کە قەبارەی کورتهێنان و قەرزی نوێ لە ساڵی 2027ـدا دەگاتە ئاستی پێوانەییی 118.7 ملیار یۆرۆ؛ لە هەمان کاتدا، بە پێی ڕەشنووسی بودجەکە، تەنیا تێچووی دانەوەی سوودی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر شانی دەوڵەت لە ساڵی 2027ـدا بڕی 41.9 ملیار یۆرۆ لەسەر گەنجینەی ئەڵمانیا دەکەوێت.