عێراق پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی راگەیاند

 وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانیان بۆ جێبەجێکردنی چەندان پڕۆژەی نوێ لە بواری وەبەرهێنانی گازی سروشتی و گازی هاوەڵ لە رێگەی کۆمپانیا جیهانییەکان وەک شێفرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و ئێچ کەی ئێن ئامادەکردووە، ئەوەش بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانییە. وەزیری نەوت سەرەتای ساڵی 2029ـی وەک دوا وادە بۆ چارەسەرکردنی پرسی سووتانی گاز دیاریکرد.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەت لەسەر دوو هێڵی هاوتەریب کاردەکات، یەکەمیان کۆتاییهێنان بە پرسی سووتانی گاز تا سەرەتای ساڵی 2029ـە، هێڵی دووەمیش گرنگی بە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و گازی هاوەڵ دەدات بە ئامانجی گەیشتن بە خۆبژێویی لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.

پڕۆژە نوێیەکان بە گوتەی وەزیری نەوت، چالاکییەکانی کۆمپانیای شێفرۆن و ئێکسۆن مۆبیل و ئێچ کەی ئێن، هەروەها پڕۆژەی کێڵگەی ناسرییە و چوار بلۆکە پشکنینییەکە لەخۆدەگرێت. عەبدولغەنی ئاشکرایکرد، ئەو پڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی گازی گەورە زیاد دەکەن و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنانی سامانی گازی لە وڵاتەکەدا دەکەن.

وەزیری نەوتی عێراق روونیکردەوە، وەزارەت هەوڵدەدات لە ساڵانی داهاتوودا بە تەواوی ئاستی خۆبژێویی لە گازدا بەدەستبهێنێت. ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و سوودوەرگرتن لە کێڵگە نەوتییەکان و وەبەرهێنانیان بە شێوازێکی نموونەیی.