عەلی باقری بۆ کوردستان24: تاران بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

K24 – سان پیتەرسبۆرگ:

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وەکالەت، ڕایگەیاند: تاران بایەخ بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات و پەیوەندییەکانی ئێستاش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، زۆر جێی ڕەزامەندییە.

عەلی باقری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "بڕیار بوو 10 ڕۆژ دوای ڕێککەوتی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، سەردانی عێراق بکەن کە بەداخەوە بەهۆی شەهیدبوونیانەوە سەردانەکە نەکرا. ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بایەخێکی تایبەتی بە وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی موسڵمان دەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە دارشتنی ئەم سیاسەتە لەلایەن خودی ئایەتوڵڵا ڕەئیسییەوە پێشکەش کرابوو".

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "عێراق پێگەیەکی تایبەت و گرنگی لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێیەتیدا هەبوو. پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق ڕیشەیان لە مێژوودایە، شارستانیەتیی هاوبەشیان هەیە، ئایینی هاوبەشیان هەیە، فەرهەنگ و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە. هەڕەشە و دەرفەتی هاوبەشیش لەبەردەمی هەردوولادا هەیە. هەر بۆیە هاوکاریی هەمەلایەنە و بەردەوامی ئێران و عێراق نەک هەر لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتەکەیە، بەڵکو سەقامگیری و بەردەوامیی ئاسایش لە ئاستی ناوچەکەدا گەرەنتی دەکات. بۆیە گرنگیی پێوەندییەکانی ئێران و عێراق لە پەیوندیی دوولایەنە زیاترە".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عەلی باقری ئاماژەی بەوە کرد: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر جێی ڕەزامەندییە و ئێستا قەبارەیەکی بەرچاوی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، لە هەرێمی کوردستانەوەیە. لە داهاتووشدا، بەرچاوڕوونییەکی زۆر لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا هەیە. بۆیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات".

ئێوارەی ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024)، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.

دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.

ڕۆژی (20ـی ئایاری 2024) نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی  بانگهێشت کردبوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و وا بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. ئێمەش خەریکی ڕێکخستنی بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بووین، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕووداوە هاتە پێشەوە".