یاسای لێبووردن بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی كاتالۆنیا ده‌چێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه

یاسای لێبووردن بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی كاتالۆنیا كه له ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017ـدا بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان له ئیسپانیا به‌شدار بوون، ده‌چێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ڕۆژی سێشه‌ممه 11ـی حوزه‌یرانی 2024، یاسای لێبووردن بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی كاتالۆنیا كه له ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017ـدا بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان له ئیسپانیا به‌شدار بوون، چووه واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
به پێی یاساكه بڕیار وایه كارلۆس پۆیگدۆمێنت، سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كاتالۆنیا كه له‌وه‌ته‌ی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمه‌كه له تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2017ـدا ئیسپانیای بەجێ هێشتووە و لە به‌لجیكا نیشتەجێیە، بگه‌ڕێته‌وه ئیسپانیا.
مێدیاكانی ئیسپانیا له‌م باره‌وه ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، یاساكه به بڵاوكردنه‌وه‌ی له ڕۆژنامه‌ی (وه‌قایعی) فه‌رمی ئیسپانیا، ده‌چێته واری جێبه‌جێكردن و ڕێگه به كارلۆس پۆیگدۆمێنت و هاوڕێیانی دیكه‌ی ده‌دات دوای زیاتر له شه‌ش ساڵ له په‌ناهه‌نده‌یی، بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمه‌كه‌یان له ئیسپانیا.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 14ـی ئاداری 2024، په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی ئیسپانیا پرۆژەیاسای لێبووردنی جوداخوازانی کاتەلۆنیایان پەسەند کرد.
له دانیشتنی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌دا په‌رله‌مانی ئیسپانیا 178 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان له به‌رژه‌وه‌ندیی پڕۆژه‌یاساكه دا و 172 په‌رله‌مانتاری دیكه‌یش دژایه‌تیان كرد و ده‌نگیان پێ نه‌دا.
ئەم بڕیارە هەنگاوێکی چارەنووسساز بوو بۆ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، بەو پێیەی لایەنە جوداخوازەکان پڕۆژەی لێبووردنیان پێشکەش کرد لە بەرامبەر پاڵپشتیكردنیان بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جارێكی دیكه له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه.
سانچێز لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ئێکس، پێشوازی لە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە کرد و ڕایگەیاند، "هەنگاوێکی ئازا و پێویستە" کە "سەردەمێکی نوێی پێکەوەژیان و خۆشگوزەرانی لە کەتەلۆنیا" ده‌هێنێته ئاراوه.
پڕۆژەیاساکە کە لەلایەن سۆسیالیستەکان و دوو پارتی جوداخوازی کاتەلۆنیاوە داڕژراوە، پڕ مشتومڕترین دەقی یاسایییە کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە لەدوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن سانچێز لە ساڵی 2018ـدا. فیلیکس بۆلانۆس، وەزیری دادی ئیسپانیا له‌و باره‌وه ڕایگەیاند، یاسای لێبووردن "نزیکەی 400 کەس" ده‌گرێته‌وه.
له‌لای خۆیه‌وه كارلۆس پۆیگدۆمێنت هیوای خۆی دەربڕی کە یاساکە "تا کۆتایی مانگی ئایار" به‌ركار بێت، هه‌روه‌ها ڕایگەیاند، هیوادارە بگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا دوای پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاساکە.